دەزانیت كۆمپانیای دڵنیایی چیە؟

سەرەڕای بوونی چەند كۆمپانیایەكی تایبەت بە بواری دڵنیایی، بەڵام هاووڵاتیان جگە لەوەی كەلوپەلەكانیان لەلای ئەو كۆمپانیایانە بیمە ناكەن، لە هەمانكاتدا زانیارییەكی زۆر كەمیان لەسەر بیمە هەیە.
بەپێی قسەی خاوەن كۆمپانیاكانی دڵنیایی، ئاسانترین بیمە بیمەكردنی ئۆتۆمبێلە، بۆیە خەڵك زیاتر ئۆتۆمبێلەكانیان بیمە دەكەن.
محەممەد مەهدی، خاوەنی پێشانگایەكی ئۆتۆمبیل، خەمی ئەوەی نییە ئۆتۆمبێلەكانی بدزرێن یان گڕبگرن، چونكە سەرجەم ئۆتۆمبێلەكانی لە یەكێك لە كۆمپانیاكانی دڵنیایی بیمە كردووەو دەڵێت “ئۆتۆمبێلەكانم هەر شتێكیان لێبێت قەرەبوو دەكرێمەوە”. گوتیشی “بەداخەوە خەڵك لە گرنگی بیمە تێناگەن”.
هەرچەندە كۆمپانیاكانی دڵنیایی مێژوویەكی كۆنیان هەیە لە عێراق و چەندین شارەزای ئەو بوارە لە عێراقدا هەبوون، بەڵام لەسەردەمی شەڕی ئێران عێراق وڵاتەكەیان بەجێهێشت، بۆیە ئێستا بەلای بەشی زۆر لە هاووڵاتیانەوە بیمە شتێكی نامۆیە.
محەممەد سابیر، 26 ساڵ، وەستای چاككردنەوەی ئۆتۆمبیلە لە ناوچەی پێشەسازی باكوور لە شاری هەولێر گوتی “هەر نازانم كۆمپانیای دڵنیایی چییە، ئەوە یەكەمجارە لە ئێوەی ببیستم”. محەممەد كە دەمێكە لەو ناوچە پیشەسازییە كار دەكات، دەڵێت “تا ئێستا نەمبیستووە كەسێك هاتبێ لەسەر حیسابی كۆمپانیایەك ئۆتۆمبێلی خۆی چاك كردبێتەوە”.
شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن بەهۆی گەشەكردنی بواری ئابووری و ئاوەدانی و هاتنی ژمارەیەكی زۆر لە وەبەرهێنەران بۆ هەرێمی كوردستان، ئێستا ئێرە پتر پێویستی بە كۆمپانیاكانی دڵنیاییە.
د.هەیسەم ئەبولعەینەین، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیایەكی دڵنیایی لە هەولێر دەڵێت “بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان خاوەن ئابوورییەكی باشە و نەوتی هەیە، زۆرترین كۆمپانیای وەبەرهێنان روو لەم هەرێمە دەكەن، هەربۆیە رۆژ بە رۆژ پێویستی كۆمپانیاكانی دڵنیایی زیاتر دەكات”. بەڵام گوتی “هۆشیاری خەڵك لەسەر كۆمپانیاكانی دڵنیایی كەمە، لە وڵاتانی پێشكەوتوو كەس ناتوانێ ئۆتۆمبیل لێبخوڕێ ئەگەر ئۆتۆمبیلەكەی بیمە نەكردبێ”. ئەو خاوەن كۆمپانیایە بە پێویستی دەزانێ كە حكومەت دڵنیایی بكاتە مەرج لەسەر هەموو هاووڵاتیان.
وەزارەتی دارایی و ئابووری بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە 2445 رایگەیاند هەموو كۆمپانیاكانی دڵنیایی ناوخۆ و دەرەكی دەتوانن داوا لە لیژنەی تایبەت لەو وەزارەتە بكەن بە مەبەستی كاركردن بەمەرجێك سەرجەم ئەو مەرجانەیان تێدا بێت كە وەزارەتی دارایی بۆ ئەو مەبەستە دایناوە.
رەنگە هۆكارێكی دیكەی بە پیرەوە نەچوونی كۆمپانیاكانی بیمە لەلایەن هاووڵاتیان لایەنە ئاینییەكەی بێت، چونكە بەپێی قسەی ئەندامێكی لێژنەی فەتوا مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە “حەرامە”.
مەلا عەلی فەقێ، ئەندامی لێژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە بە (رووداو)یراگەیاندوە “مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە حەرامە و لە ئاینی ئیسلامدا رێگە پێنەدراوەو بە قومار هەژمار دەكرێت، چونكە تۆ پارەیەك دەدەی دیار نییە بۆت دەگەڕێتەوە یان نا”.
روداو