بەپێی ئامارەكانی گواستنەوەی دەریایی، لە مانگی تەمموزدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 450 هەزار بەرمیل لە رۆژێكداو عیراقیش ئاستی هەناردەكردنی لە بەندەرەكانی باشوورەوە بەرزكردۆتەوەو بەرێژەی لەسەدا 88 پابەندی رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس بووە.
بەپێی ئەو داتایانەی ناوەندی رێفینیتیڤ بڵاویكردۆتەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەمانگی تەمموزدا بەلایەنی كەمەوە بۆ 450 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە.
هەرچەندە ئەو ناوەندە باسی لەوەكردوە كە قەبارەی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە لە مانگەكانی پێشتردا 370 هەزار بەرمیل بووە. بەڵام پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكردبوو كە هەناردەی نەوتی هەرێم وەكو خۆیەتیو هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهاتووە.
لەبارەی هەناردەی نەوتی عیراقیشەوە ناوەندی رێفینیتیڤ ئاشكرایكردوە، تێكڕای هەناردەی نەوتی عیراق لە 20 رۆژی یەكەمی مانگی تەمموزدا 2 ملیۆنو 700 هەزار بەرمیل بووەو نەیتوانیوە بەتەواوەتی پابەندی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس بێت. ئەوە لەكاتێكدایە كە بەپێی ئەو رێككەوتنە دەبێت عێراق رۆژانە ملیۆنێكو 60 هەزار بەرمیل نەوت لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی كەمبكاتەوەو هەروەها قەرەبووی مانگی ئایارو حوزەیرانیش بكاتەوە.