لەسەر چاپكردنی دراو هۆشداری بە بانكی ناوەندی عێراق دەدرێت

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لەسەر زیاد چاپكردنی دراو و خستنەبازاریەوە هۆشداری بە بانكی ناوەندی عیراق دەدات و مەترسی خۆشی پیشان دەدات لەوەی ئەو كارە بەرزبونەوەی نرخی كاڵاكان و رێژەی هەڵئاوسانی لێ‌ دەكەوێتەوە.



لەوبارەیەشەوە  ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان چاپكردنی دراو خستنەبازاڕی چاپی نوێی دراوەوە چونكە لەباری یەكەمدا چاپكردنی دراو كارێكی بەردەوامی بانكی ناوەندیە بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو یەكە دراوانەی بەهۆكاری بەكاربردنەوە تێك دەچن و پێویست بە چاپكردنەوەی نوێیان دەكات بەوەش هیچ گۆرانكاریەك لەقەبارەی دراوی بەردەستدا بۆ مامەڵەكردن روونادات بەڵام لەباری دووەمدا چاپكردنی نوێی دراو بە ئامانجی پارەداركردنی پرۆژەكانی حكومەت كارێكی مەترسیدارەو دەبێتە هۆی زیادبونی بڕی پارەی خراوەرووی بەردەست بۆ مامەڵەكردن و بەوەش بەهای دراوەكە لاواز دەبێت و نرخی كاڵاكان بەرزدەبنەوەو رێژەی هەڵئاوسانیش زیاد دەكات.

وتیشی چاپكردنی بڕی نوێی دراو یەكێكە لەو رێگایانەی لە وڵاتە پێشكەوتوەكان و خاوەن ئابوریە بەهێزەكاندا پەیرەودەكرێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە بەڵام هەمان كار بۆ عیراق و وڵاتانی خاوەن ئابوری گەشەنەكردوو ناگونجێت چونكە لەراستیدا عیراق ئابوری نیەو بۆ داهاتیش تەنها پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە.