دەستەی وەبەرھێنان: زیاتر لە 200 داواکاری بۆ پڕۆژەی وەبەرھێنان گەیشتووەتە دەستمان

 بەڕێوەبەری یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە٢٠٠ داوکاری گەیشتووەتە دەستتیان کە داوا دەکەن پڕۆژەی وەبەرھێنان جێبەجێ بکەن و زۆربەیان لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵدان.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنان لە هەرێمی کوردستان،  ڕاگەیاند: “لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا220 داواکاری لەلایەن کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانەوە پێشکەش کراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ناوچە جیاجیاکان و لە بواری جیاوازدا ئەنجام بدەن کە زیاتر لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵدان”.

وتیشی: “ڕاگەیاندنی ئەو پلانەی کە ماوەیەک پێش ئێستا خستمانە ڕوو، ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ئەو داوکارییانە زووتر پەسند بکرێن و بکەونە واری جێبەجێکردنەوە”.

موخلیس سەلیم باسی لەوەش کرد: “بەنیازین سەرەتا لە بیرۆکەی ناو داوکارییەکان بکۆڵینەوە و دوای پەسندکردنیان و دابینکردنی زەوی بۆیان و ھاوپێچکردنی مەرجی لایەنە یەیوەندارەکان پێیانەوە، مۆڵەتیان پێ دەدرێت و ماوەی دوو مانگیان بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی دەست بە کارەکەیان بکەن”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی دەستەی وەبەرھێنان، بە جێبەجێبوونی ئەو پڕۆژانە،  ھەزاران ھەلی کار بۆ بێکاران دەڕەخسێت، ئەوە وێڕای ئەوەی کە بەرھەم و پێویستیی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

سه‌رچاوه‌:  باس نیوز