گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق لە 23ی تەمموزەوە دەستپێدەکەنەوە

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانیی حکوومەتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەمموز، ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد و ڕۆژی 23ی تەمموزی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی دەستنیشان کرد.

لیژنەی تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانیی حکوومەتی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کەمکردنەوەی ڕێکارە تەندروستییەکانی وڵاتەکە بڵاوکردەوە. کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، قەدەغەی هاتوچۆ تەنها لەنێوان کاتژمێر 9:00ی شەو بۆ 6:00ی بەیانی دەگیرێتەبەر. بڕیاریش دراوە، مۆڵەکان بە مەرجی جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان، بکرێنەوە.

لیژنەکە ئاشکراشی کرد دوای جەژنی قوربان، قەدەغەی هاتوچۆ بەتەواوی لادەبرێت، بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێکارە خۆپارێزییەکان.

لە ڕاگەیەنراوەکەشدا هاتووە، “لە ڕۆژی 23ی تەمموزەوە، گەشتە ئاسمانییەکان دەست پێدەکەنەوە و دەروازە سنوورییەکانی مونزیریە، سەفوان و شەیب لەبەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەکرێنەوە”.

ڕۆژی 28ی شوبات، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ ئێراندا داخران، بەوپێیەی ڕۆژی 17ی هەمان مانگ، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە شاری قوومی ئێران تۆمارکرا.

ڕۆژی 17ی ئازار، گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا وەستێنران، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە وڵاتەکە.