له‌ سلێمانی بڕی بەرهەمە هاوردەكراوەكان دیاری دەكرێن

 
بەمەبەستی راگرتنی هاوسەنگی و زیاد نەبوونی نرخ، هاوردەی بەروبومی پەلەوەری دیاری ده‌كرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت ”بەمەرجەكانی ڤێتەنەری و تەندروستی بەرهەمەكان هاوردە دەكرێت”.
 
رزگار حمد خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ڕاگەیاند “لە دیوانی قائیمقامیەت، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت”.
 
راشیگەیاند “بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی راگرتن لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو ، هەروەها بەرز نەبوونەوەی نرخی بەرهەمی پەلەوەر لەسەر هاوڵاتیان، لیژنەكە بڕیاری لەسەر بڕی بەرهەمی هاوردەكراو داوە، جەخت لەسەر پەرەپێدانی بەروبومی ناوخۆ كراوەتەوە و تێكڕای بەروبومی هاوردە كەم دەكرێتەوە” .
 
ئاماژەی بەوەش كرد: بڕی ئەو بەروبومانەی بۆ مانگی حه‌وت هاوردە دەكرێن بریتی یە لە 300 تۆن مریشكی بەستوو، گۆشتی سور 500 ته‌ن، ئاژه‌ڵی هاورده‌ به‌پێی هاوسه‌نگی 15000 سه‌ربۆ مانگی 7و 8و 9 بەپێی پشكنینی تەندروستی ڕێكارە تەندروستییەكان و هاوردەكرێت، ماسی لەسەر ڕەسیدی مانگی ڕابردوو دەبێت .