مستەفا كازمی: هەڵەیە دەوڵەت تەنها پشت بەداهاتی نەوت ببەستێت


مستەفا كازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هۆكاری سەرەكی پەككەوتن و وەستانی پرۆژەكان بەهۆی گەندەڵی كارگێڕیی، دارایی و خراپی بەڕێوەبردنەوە بووە، هەڵەیە دەوڵەت تەنها پشت بەداهاتی نەوت ببەستێت، پێویستە كەرتەكانی تریش كارا و چالاك بكرێنەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، كازمی لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ شاری كەربەلا و كردنەوەی پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی، جەختی كردۆتەوە كە پلانێكی چاكسازییان بەدەستەوەیە بۆ برەودان بە سەرچاوەكانی  دەوڵەت.

ئاماژەی بەوەشداوە  كاراكردنەوە و پاڵپشتیی كردن لە كەرتی تایبەت بەشدارییەكی بەرچاوی دەبێت لە رەخساندنی هەلی كار،  هەربۆیە هاوبەشی لەنێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا لەقۆناغی داهاتوودا زۆر گرنگە.

دەڵێت، پێویستە پاڵپشتیی لە پرۆژەی نێوخۆیی و بەرهەمی عیراق بكرێت، بەهەموو هێزێكەوە پشتگیریی لە كەرتی  پیشەسازی عیراق بكرێت و كارا و چالاك بكرێتەوە.