وەزارەتی بازرگانی عێراق ئامادەكارییەكانی دەستپێدەكات بۆ دابەشكردنی كۆبۆنی نوێی خۆراك بەسەر هاووڵاتیان، بەرپرسێكی وەزارەتەكەش رایدەگەیەنێت: كۆبۆنەكە بۆ دوو ساڵ بەكاردەهێنرێت و لەئێستاشدا سەرقاڵی وردبینیكردنی ناوی هاووڵاتیانن.
وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكردووە، فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی سەر بە وەزارەت، لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ دابەشكردنی كۆبۆنی نوێی خۆراك بەسەر هاووڵاتیان، چەند لیژنەیەكی وردبینی پێكهێناوە.
ئیبتیهال هاشم، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند: كۆبۆنە نوێیەكە بۆ هەردوو ساڵی 2020 و 2021 بەكاردەهێنرێت، لەئێستاشدا چەند لیژنەیەك پێكهێنراون بۆ وردبینیكردنی ناوی هاووڵاتیان و سڕینەوەی ناوی مردووان و ئەو كەسانەی كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
پێشترو لەمانگی ئاداری رابردوو، وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاندبوو كە بەنیازن لەمەودوا كار بە كۆبۆنی ئەلیكترۆنیی خۆراك بكەن، ئەمەش لەپێناو رێگریكردن لە ساختەكاری و سڕینەوەی ناوی ئەو كەسانەی كە بەپێی یاسا مافی وەرگرتنی خۆراكی مانگانەیان نییە.