عێراق لە 22 بەرهەمی ناوخۆدا گەیشتوەتە ئاستی خۆبژێوی


بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی  کۆرۆنا و داخستنی سنوورەکانی عێراق بەسەر بەرهەمی تورکی و ئێرانی، داواکاریی زۆر لەسەر بەرهەمە كشتوكاڵیەكانی  ناوخۆی هەیە، ئەمەش بووەتە پاڵپشتیەكی زۆر بۆ جووتیارانی عێراق.

عێراق زیاتر لە 32 دەروازەی سنووریی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمیی نرخیان، کاڵا و بەرهەمی ئێرانی لە هەمووان باوترن لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق، ئەمەش زیانی زۆری لە بەرهەمی ناوخۆیی عێراق دابوو.

 نزیکەی یەک لەسەر سێی خەڵکی عێراق لەسەر فرۆشتنی بەرهەمی کشتوکاڵی دەژین، بەڵام ئەو بەرهەمانە 50٪ـی پێویستیی عێراق بۆ بەروبوومە خۆراکییەکان پڕدەکەنەوە.

 لەولای سنووری عێراق، ئێران ساڵانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار لە فرۆشی کاڵاکانی بە عێراق قازانج دەکات، تورکیاش 2.2 ملیار لەڕێگەی هەناردەکردنی بەرهەمی کشتووکاڵی و خۆراکی بۆ عێراق قازانج دەکات.

بەڵام لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، عێراق ناچاربوو ئەمساڵ سنوورەکانی دابخات.

موحسین، ئەندازیارێکی کشتووکاڵە لە پارێزگای دیوانیە و دەڵێ “حکومەت ناچاربوو سنوور دابخات، نەوەک لەپێناو پاڵپشتیی لە جووتیاران، بۆیە لەبەردەم تەحەدیەکداین تاوەکو بیسەلمێنین جووتیاری عێراقی دەتوانێت سەلەی خۆراک بۆ خێزانی عێراقی دابینبکات”.

هەرچەندە ئەمساڵ بەروبوومی کشتووکاڵ لە عێراق باش بووە، بەڵام عێراق خاوەن 9.3 ملیۆن هێکتار زەویی کشتووکاڵییە، کە ئەو ژمارەیە بەراورد بە ئێران و سووریا کەمە، لەکاتێکدا ئێران 45.9 ملیۆن هێکتار و سووریا 13.9 ملیۆن هێکتار زەویی کشتووکاڵییان هەیە.

محەممەد کەشکاش، سەرۆکی یەکێتی کۆمەڵەکانی جووتیارانی عێراق بە  ئاژانسی فرانس پرێس راگەیاندووە: بۆ یەکەمجارە لەماوەیەکی زۆر، عێراق لە 22 بەرهەم پێویستی بە دەرەوە نەبێت و گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی.