پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەر، ئاشكرایكرد کە تا ئێستا وادهی کردنەوەی سنوورەکان و فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ڕووی گەشتەکاندا دیار نییە و ئاساییبوونەوەی ڕەوشی وڵاتانی دهوروبهر و کەرتی فڕۆکەوانی و دۆخی هاووڵاتییان دیاری دەکات کە کەی و چۆن گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە و سنوورەکان دەکرێنەوە بە ڕووی گەشتیاراندا.
دوای بەشداریکردنی لە ڕێورهسمی دەستپێکردنی کاری وێنەگرتنی درامایەک لە سلێمانی و لەکاتی هاتنە دەرەوەیدا، ههڤاڵ ئهبوبهكر بە ڕۆژنامەوانانی وت، “ڕەوشی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی و دەوروبەری بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت ئەویش بە هەوڵی خودپارێزیی هاووڵاتییان.” وتیشی، “ئەنجامەکانمان دڵخۆشکەرن لە شاری سلێمانی، بۆیە داوا دەکەم خەڵک بەردەوام بن لە خۆپارێزی، هەرشوێنێک دەبێتە مایەی قەرەباڵغی خۆیانی لێ دووربخەنەوە. جا ئەگەر ماڵی خۆیان، مزگەوت یان هەر شوێنێکی دیکە بێت با هاووڵاتییان خۆیانی لێ بەدوور بگرن.”
سەبارەت بە کاتی کردنەوەی سنوورەکان و فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ڕووی گەشتیاراندا بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت تورکیا و ئێران، پارێزگاری سلێمانی وتی، “کردنەوەی فڕۆکەخانە پەیوەندی بە چەند ڕەهەندێکەوە هەیە، یەکێک لەوانە ئەو دەوڵەتەیە کە گەشتەکەی تێدا دەکرێت، ئەو هێڵی فڕۆکەوانییەی کە گەشتەکە ئەنجام دەدات، دواتر ئەو وڵاتەی گەشتەکەی بۆ دەکرێت و هاوکات هاووڵاتیانیش کە هەڵدەستن بە گەشتەکە، هەموو ئەمانە بەیەکەوە پرۆسەی دەستپێکردنی گەشتەکان دیاری دەکەن، دەبێت هەموو ئەمانە ئاسایی ببنەوە تاوەکو بتوانین گەشتەکان ئاسایی بکەینەوە”.