دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییه‌کان بۆ ٢٢ی تەمموز دواخرا


ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی تەمموزی ٢٠٢٠، تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هه‌ولێر لە باڵەخانەی فرۆکەخانە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد.

 ته‌لار فایه‌ق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هه‌ولێر رایگەیاند کە بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان تا ٢٢ی تەمموز دواخرا و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی و ژووری ئۆپەراسیۆنی حکوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە کۆبوونەوە دان.

بە وتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هه‌ولێر، لە کۆبوونەوەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی ژووری ئۆپەراسیۆندا باس لە کردنەوە یاخود دووبارە دواخستنەوەی گەشتەکان لەدوای ٢٢ی تەمموز دەکرێت.

تەلار فایەق وتیشی، “زیانەکانی فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکان زۆر گەورەن و مەزەندە کردنییان ئاسان نییە. ئەوە شتێک نییە تەنها بەسەر ئێمەدا هاتبێت، بەڵکو هەموو جیهان رووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە. ئەو گەشتانەی کە ئێستا لە فڕۆکەخانەکەمان ئەنجام دەدرێن، گەشتی دیبلۆماسی، یوئێن و کارگۆن. ئەم گەشتانەش قازانجێکی لەم جۆرەیان نییە”.