به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی هه‌رێم: جووڵه‌ی بازرگانی 20٪ زیادی كردووه‌


به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، لیژنه‌یه‌ك سه‌ردانی ته‌واوی ده‌روازه‌ بازرگانییه‌كانی كردووه‌ و چاكسازی له‌ ده‌روازه‌كاندا ده‌كرێت و ده‌ڵێ، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كۆرۆنا 50 % جووڵه‌ی بازرگانی دابه‌زاند، ئێسته‌ 20% جووڵه‌ی بازرگانی به‌رز بووه‌ته‌وه‌.

ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێم ڕاگه‌یاند، له‌گه‌ڵ هاتنی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت، بازاڕه‌كان سستییه‌كی زۆریان به‌خۆوه‌ بینی، 50%ی جووڵه‌ی بازرگانی له‌ كوردستان كه‌م بووه‌وه‌، له‌گه‌ڵیدا داهاتی گومرگی به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، ئێستا‌ جووڵه‌ی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌كانه‌وه‌ زیادی كردووه، بازاڕی هه‌رێمی كوردستان و عێراق جووڵه‌ی تێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ گشتی جووڵه‌ی بازرگانی 20% به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌روازه‌یه‌كی بازرگانی بۆ ده‌روازه‌یه‌كی تر جیاوازی هه‌یه‌، به‌ حوكمی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌رهه‌میان لێوه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، چونكه‌ ده‌روازه‌ی بازرگانیمان هه‌یه‌، سه‌وزه‌ و میوه‌ و به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانی زیاتر پێدا هاورده ‌ده‌كرێت و ده‌روازه‌شمان هه‌یه‌ زیاتر كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی و مۆبیلیاتی پێدا هاورده‌ ده‌كرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “ئه‌و دابه‌زینه جووڵه‌ی بازرگانی ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ وڵاتان به‌گشتی گرته‌وه‌، به‌رزبوونه‌وه‌یشی جارێكی تر هه‌موو ده‌روازه‌كانی گرتووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێسته‌ ده‌ڵێین مه‌رزه‌كانی كوردستان بووژانه‌وه‌ی‌ بازرگانیی به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن”. 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی كوردستان ده‌ڵێ، لیژنه‌ دروست كراون و ته‌واوی ده‌روازه‌كانی بازرگانی گه‌ڕاون، كه‌موكوڕییه‌كان ده‌ستنیشان كراون، هه‌نگاو به‌ره‌و چاكسازی ده‌نرێت له‌ ده‌روازه‌ بازرگانییه‌كان، ئه‌و به‌رنامه‌ی دانراوه‌ گشتگیره‌ و ده‌توانین بڵێین هه‌موو سێكته‌ره‌كان ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ ده‌روازه‌كاندان ڕێك ده‌خرێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كاری نایاسایی هه‌بێت به‌ره‌و كۆتاپێهێنانی هه‌نگاو ده‌نرێت.

دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، ئێسته‌ به‌ سیستمێكی زۆر باش گومرگه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چن و داهاتی گومرگه‌كان جێگیره‌ و سیستمه‌كانمان ڕێ نادات فرتوفێڵ بكرێت، ئێمه‌ به‌ سیاسه‌تێكی گونجاوتر بۆ گومرگه‌كان ئاسانكاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین ده‌كه‌ین و داهاتی گومرگه‌كان زیاد ده‌كات.