بە مەبەستی پشتیوانی جوتیاران ژووری بازرگانی ١٢٥ تۆن پەتاتە دەکرێت

بەمەبەستی زیاتر پشتیوانی کردن لە بەرھەمە ناوخۆییەکانی جوتیاران و ساغكردنەوەیان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوای کڕینەوەی بەرھەمە کشتوکاڵیکان دەکات لەلایەن بازرگانانەوە وەک ھاوکاریەک و پاڵپشتیەک بۆ جوتیاران.

سیروان محەمەد، سەۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “لەکۆبونەوەماندا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای وەرزیی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی بڕیارماندا وەک پشتیوانییەک لەبەرھەمی ناوخۆی جوتیاران ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەڵدەستێت بەکڕینەوەی ١٢٥ تۆن بەرھەمی پەتاتە”.

راشیگەیاند “داوا لەتەواوی بازرگانان و سەرمایەداران و کەسانی خەمخۆری شاری سلێمانی دەکەین ھەرکەسەو لای خۆیەوە ھەستێت بەکڕینەوەی جۆرێکی بەرھەمی کشتوکاڵی ناوخۆی”.

ئاماژەی بەوەشدا کڕینەوەی ئەو بەرھەمانە دوو ئامانجی  ھەیە یەکەمیان پشتیوانیەکی گەورەی جوتیارانە دووەم ھاوڵاتیانی کەم دەرامەت سودی لێوەردەگرن و دابەش دەکرێتەوە بەسەر ئەو خێزانانەی توانای کڕینی ئەو بەروبومانەیان نییە.

ئەم پێشنیارەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پاش ئەوەدێت کە جوتیاران نیگەرانی خۆیان پیشاندا بەساغ نەبونەوەی بەرھەمەکانیان و نەبونی پشتیوانی پێویست لە بەرو بومەکانیان.