ژووری بازرگانی داوای دانانی سندوقێکی تایبەت بە هاوکاریکردنی جوتیاران دەکات


بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی جوتیاران و دۆزینەوەی بازاڕی گونجاو، لیژنەی باڵای کشتوکاڵی لەشاری سلێمانی کۆبونەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “ڕۆژی ٧/٨، بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، لیژنەی باڵای وەرزیی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و کێشەکانی بازاڕکردن و پەرەپێدانی کشتوکاڵیی کۆبووینەوە”.

راشیگەیاند “وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوامان کرد ئەو گومرگ و ڕسوماتەی وەردەگیرێت پێویستە بکرێت بە سندوقێکی هاوکاری بۆ جوتیاران، ئەو سه‌وەزە و میوانەی کە دێتە کوردستانەوە گومرگەکانیان وەربگیرێت لەهەموو پارێزگاکانی هەرێم سندوقێکی تایبەتیان بۆ دابندرێت و پاشان بکرێتەوە بە هاوکاری بۆ جوتیاران لەکاتی هەر ڕوداوێکی نەخوازراودا”.

ئاماژەی بەوەشدا، لەگومرگی عێراقیدا سەوزەو میوە و خواردەمەنی گومرگی لەسەر نییە بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم ڕێگەیەکی یاسای بدوزرێتەوە بۆ وەرگرتی ئەو گومرگە و داهاتەکه‌ی لەسندوقێکی تایبەتدا بێت کە پارێزگار و کشتوکاڵ و ژوورە بازرگانیەکان لێی ئاگاداربن و لەژێر دەستی ژوورە بازرگانیەکاندا بێت، بۆ جوتیاران بەکاربێتەوە و سودی لێببینن لەهەر کات و قەیرانێکدا بێت”.

جەختیکردەوە، ئەو پێشنیارەی ژووری بازرگانی لەلایەن هەمو ئامادەبوانی کۆبونەوەکە پشتگیریکرا و کارێکی باش و گرنگ داندرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بڕیارو پێشنیازو ڕاسپاردەی پێویست بە پەرەپێدانی کشتوکاڵی و بازاڕگەریی کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆراکی و کشتوکاڵی پەسەندکران.