یەک کیلۆ تەماتەی خۆماڵیی لە عەلوە ١٨ دیناری عێراقی دەکات بۆ جووتیاران و بەروبوومی هاوردە بازاڕی وەستاندوون، بەروبوومەکانی پەتاتە و بیبەر و خەیار و بەرووبوومە وەرزییەکانی دیکەیش لە هەمان دۆخدان.
رابەر ئیبراهیم لە عەلوە، کاری بەقاڵی دەکات، ٤٢ سندوق تەماتەی خۆماڵیی ٢٠ کیلۆیی لە جووتیارێک کڕیبوو بە ٤٢ هەزار دینار راگەیاند “ئێستا بەروبوومی ناوخۆ لە بازاڕدا زۆرە، بەڵام پارە ناکات، من سندوقێک تەماتەم بە هەزار دینار کڕیوە سندوقەکەم بە بەتاڵی بە جووتیارەکە فرۆشتووە بە ٦٢٥ دینار واتە تەماتەکەی ناوی کە ٢٠ کیلۆ گرامە ٣٧٥ دینارم پێداوە”.
ئەو دەڵێت “لە بازاڕدا تەماتەی هاوردە زۆرە، ئێستا بڕێکی زۆر تەماتەی ئێرانی بۆ عەلوە هاتووە کیلۆی بە ١٥٠ دینار، لەبەر ئەوەی ئێستا بەروبوومەکە زۆرە بۆیە بەروبوومی ناوخۆ هیچی پارە ناکات و جووتیار زۆر زەرەر مەندە لە دۆخەکە”.
وتیشی: “دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساردکەرەوەی گەورە دروست بکات و ئەو بەروبوومە خۆماڵیانەی تیادا هەڵبگیرێت، حکوومەت دەبێت خۆی بازاڕ بۆ بەروبوومە خۆماڵییەکان دروست بکات”.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەرزی پێگەیشتنی تەماتە و پەتاتە و شووتی و خەیار و بیبەر و چەندین بەروبوومی دیکەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بازاڕ و ساغ نەبوونەوەی ئەو بەروبوومانە جووتیاران دەڵێن تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بوون و کێبڕکێی بەروبوومە هاوردە کراوەکانیان پێ ناکرێت.
هاوكات رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەو هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،”ئەرکی پاراستن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆیی، کشتوکاڵی بێت یان پیشەسازیی، پلانی ستراتیژی و زەمینەی تەشریعی ئەوێت، نزیکەی ساڵێکە هیچ نەما بۆ پەسەندکردنی پێشنیازە یاساکانی (پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، سندوقی بیمەی کشتوکاڵی و ڕێکخستنەوە و بەڕێوەبردنی عەلوەکان) نەیکەین، کەچی تا ئێستا پێمان نەکراون بە قانون و هەر جارەی بەهۆکارێک ئەگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەکەم.”
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند،”هەمو دامەزراوەکانی هەرێم، ڕاگەیاندن و خودی هاوڵاتیانیش هەریەکەمان بەقەدەر توانا و دەستڕۆیی و دەسەڵاتمان پشکی بەرپرسیارێتی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیمان ئەکەوێتە ئەستۆ، ئەگەر پێکەوە ئەو پلانە ستراتیژیە و ئەو زەمینە تەشریعیە ئامادە و ئاراستە نەکەین، بەرهەمهێنی خۆماڵی هەمو ساڵێک ڕەنج بەخەسار ئەبێت.”
ئاماژەی بەوەشكردوە،”گرێیەکە بە یەک وەزارەت و لای یەک وەزیر ناکرێتەوە، بەرپرسیارێتیەکە هاریکارانە و دەستەجەمعیە، تەنها ئەوکاتە ئەتوانین دڵنیایی بدەینە بەرهەمهێنی کوردستانی کە دروشمە زۆر و زەوەندەکانی هەڵبژاردن و کارنامەی حکومەت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بەکرداریی بخرێتە بواری جێبەجێکردن و سنورەکان بەسەر ئەو هەمو کاڵا و بەرهەمە دەرەکیەدا دابخرێت کە کاڵا و بەرهەمی خۆماڵی ناتوانێت کێبەرکێیان بکات و خۆی لەبەردەمیا ڕابگرێت”
ئاشكراشیكردوە،”ئەمە بە تەنها بە وەزیری کشتوکاڵ ناکرێت، بەڵکو ئیرادە و بڕیاری حکومەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نفوزی کۆمپانیا و بازرگانە خاوەن دەسەڵاتەکان و قانونێکیشی بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی ئەوێت کە لە بەرنامە و پلانی دەستێکی ئەم خولەی پەرلەمان بوە”
رێواز فایەق وتوشیەتی،”هیوادارم ئەم دۆخەمان بۆ بوبێتە دەرس و پەلە و دەستوبرد بکەین لە پەسەندکردنی ئەو یاسایە و ئەبێت حکومەتیش بەرپرسیارێتی دەستەجەمعی بۆ پێدانی دڵنیایی بە جوتیاران لە ئەستۆبگرێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم دۆخی بێئومێدبونەیان بۆ قەرەبوبکاتەوە.”