ھەڤاڵ ئەبوبەكر: حكومەت بودجەی فریاگوزاری بۆ ئاوی سلێمانی تەرخان دەكات


دوای ئەوەی دوێنێ بۆری سەرەكی پڕۆژەی ئاوی سەرچنار شكا، گرفتی بێ ئاوی لە شاری سلێمانی دروستبوو، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بودجەی فریاگوزاری بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان بكات. پارێزگاری سلێمانیش ئاشكرای دەكات، بۆ چارەسەری گرفتی ئاو لەو پڕۆژەیە داوای 100 ملیۆن دیناریان كردووە.

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی  راگەیاند: “بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاو لە پڕۆژەی سەرچنار كە دوێنێ بۆریە سەرەكییەكی شكاوە، پەیوەندیمان بە وەزیری دارایی و حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە كردووە و بەڵێنیانداوە كێشەكە چارەسەر بكەن”.

وتیشی: “وەك پارێزگای سلێمانی بۆ چارەسەری ئەو گرفتە داوای 100 ملیۆن دینارمان كردووە، بەڵام بۆ ئەوەی كێشەی ئاو لە سلێمانی بە تەواوی چارەسەر بكرێت، پێویستە ھەردوو ھێڵی 1 و 2ی ئاوی دوكان – سلێمانی چاك بكرێنەوە، چونكە چەند ساڵێكە ئەو دوو ھێڵە پێویستیان بە (سیانە) ھەیە و نەكراوە، ئەمەش پێویستی بە بودجەی تایبەتە”.

پارێزگاری سلێمانی، راشیگەیاند: “بە ھەوڵ و ھیمەتی ئەندازیار و بەڕێوەبەر و كارمەندانی ئاوی سلێمانی، ئەمڕۆ وەك ھێڵێكی خێرا پڕۆژەكە چاكدەكرێتەوە و دەتوانرێت ئاو بۆ 90%ی گەڕەكەكانی سلێمانی بەربدرێتەوە”.