دارتووه‌كانی شارباژێڕ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوی هاووڵاتییان

به‌شێك له‌ هاووڵاتییانی سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنی توو، سه‌ردانی ناوچه‌ی شارباژێر ده‌كه‌ن، ئه‌و رێیه‌ی كه‌ له‌ سیته‌ك ده‌رده‌چێت تا ده‌گاته‌ چوارتا، داری تووی لێ نێژراوه‌ و هاووڵاتییانیش بۆ رنینه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌ ده‌كه‌ن، به‌شێكی ئه‌و هاووڵاتییان وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دابینكردنی بژێوی سوودی لێ وه‌رده‌گرن.

له‌ هه‌ورامانیش به‌ هه‌مانشێوه‌، ئه‌مساڵ خه‌ڵكێكی زۆر ده‌ستیان داوه‌ته‌ كۆكردنه‌وه‌ی توو، به‌جۆرێك هه‌ر شوێنێك دارتووی لێ بێت، یان ژێره‌كه‌ی راخراوه‌، یان هاووڵاتی سه‌ردانی كردووه‌ و ته‌كاندوویه‌تی‌.

كاروان عه‌لی هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی هه‌ورامان راگه‌یاند، ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ خێزان و كه‌سوكاری به ‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی توو چه‌ندان جار چوونه‌ته‌ رێی سیته‌ك.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوو كۆكردنه‌وه‌ی توو هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ زۆر جیاواز بووه‌، پێشتر خه‌ڵك ده‌هات كۆی ده‌كرده‌وه‌ و ده‌یخوارد، یان به‌شی خۆی ده‌برده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌وه‌ی تێبینیمان كردووه‌، كه‌سانێك وه‌ك پیشه‌  و بژێوی ده‌ستیان كردووه‌ به‌ رنینه‌وه‌ی توو.

“سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ كاتی پێگه‌یشتنی تووه‌كان ده‌ته‌كێنرێن، ئه‌وه‌شی ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌ له‌ زه‌وییه‌كه‌ وشك ده‌بێت هاووڵاتی كۆی ده‌كاته‌وه‌”. كاروان عه‌لی وای گوت.

ئه‌و هاووڵاتییه‌ ده‌ڵێ ئێمه‌ توومان به‌شی خۆمان رنیوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، دروستكردنی دۆشاوی توو یه‌كێكه‌ له‌و خواردنانه‌ی زۆر جیاواز و تایبه‌ته‌، جیا له‌ چێژ و تامه‌كه‌ی، ده‌توانرێت وه‌ك ده‌رمان و چاره‌سه‌ریش به‌كار بهێنرێت، چونكه‌ زیانی نییه‌ و شه‌كری ده‌ستكردی تێدا نییه‌.

كۆكردنه‌وه‌ی توو له‌ سه‌ره‌تای پێگه‌یشتنی به‌ ته‌ڕی له‌ بازاڕ له‌ جۆری باش و ده‌نك گه‌وره‌كان كیلۆی سێ هه‌زار دینار ده‌كات، به‌ وشككراویش له‌ بازاڕدا كیلۆی پێنج هه‌زار دینار ده‌كات، ئه‌حمه‌د عه‌زیز یه‌ك له‌و هاووڵاتییانه‌یه‌ بۆ دابینكردنی بژێوی رۆژانه‌ی ده‌چێته‌ ناوچه‌ی شارباژێڕ و به‌ سندووق توو ده‌ڕنێته‌وه‌ و ده‌یهێنێت له‌ بازاڕی سلێمانی ده‌یفرۆشێت.

ئه‌و هاووڵاتییه‌ ده‌ڵێ، رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م به‌ ماتۆڕ ده‌چین بۆ رێی سیته‌ك و به‌شێك له‌و تووه‌ی ده‌یڕنینه‌وه‌ ده‌یبه‌ین بۆ بازاڕ و ده‌یفرۆشین، به‌شێكیشی له‌ سه‌ربان هه‌ڵده‌خه‌ین و وشكی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دابینكردنی بژێویمان.

توو یه‌كێك له‌ خواردنه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ساڵانی هه‌شتا و نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو بووه‌ و به‌هۆی نه‌بوونی و گرانی په‌نایان بۆ بردووه‌، ئێسته‌یش ئه‌و دارتووانه‌ی هاووڵاتییان به‌ خۆبه‌خش ناشتوویانه‌، بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوی به‌شێك له‌ هاووڵاتییان.
 
 سەرچاوە: وشە