عێراق ماوەی هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكانی درێژكردەوە



دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، كە ماوەی هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكان تا یەكی مانگی تەمموز، درێژكردووەتەوە.




 

بەڕێوەبەری گشتیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عێراق، دورەید یەحیا جاسم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە، پشت بەستن بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی لیژنەی باڵای تەندورستیی و سەلامەتی نیشتمانیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، ماوەی هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكان تا یەكی مانگی تەمموز، درێژكراوەتەوە.



بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، بڕیارەكە گەشتە ئاسمانییە نائاساییەكان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی كە لە دەرەوە گیریان خواردووە، یارمەتییەكانی تەندروستیی، فریاگوزاری و كارگۆ ناگرێتەوە.



دوێنێ‌ شەممە بەڕێوەبەری ڕایگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی، جیهان دیوان ڕایگەیاندبوو كە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكانی عێراق، پەیوەستە بە بڕیار و ڕێنماییەكانی شانەی قەیرانەكان و لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەڵامەتی نیشتمانییەوە.



بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا، 29 هەزار و 222 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەیش هەزار و 13کەس گیانیانلەدەستداوە و 13 هەزار و 212 کەسیش چاكبوونەتەوە.