حکومەتی عێراق پێنج ملیار دۆلار قەرز وەردەگرێت


لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی دانوستانەكانی لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی نەختینە بە ئامانجی وەرگرتنی قەرزی پێنج ملیار دۆلار دەست پێكردووە”.
 
لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە وەزیری دارایی، عەلی عەللاوی دانوستانەكانی لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی نەختینە بە ئامانجی وەرگرتنی قەرزی پێنج ملیار دۆلار دەست پێكردووە.

لەوبارەیەوە ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، حەنین قەدۆ لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە داوە كە پرسی وەرگرتنی قەرزی ناوخۆ و دەرەكی بەپێی چەند مەرجێكی دیاریی كراو لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێكردن دەخرێتەڕوو و ئاماژەی بەوەیش داوە كە بەم نزیكانە حكوومەت پاكێجی چاكسازیی ئابووری پێشكەش بە لیژنەی دارایی دەكات.

حەنین قەدۆ باسی لەوەیش كردووە كە بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی بەكاربردن، حكوومەت پێویستی بە وەرگرتنی قەزری ناوخۆ بە بڕی ١٥ تریلیۆن دینار هەیە و وتی، “وەزیری دارایی، عەلی عەللاوی دانوستانەكانی لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی نەختینە بە ئامانجی وەرگرتنی قەرزی پێنج ملیار دۆلار دەست پێكردووە”.

ناوبراو داوایشی لە حكوومەت كرد كە گومرک و دەروازە سنوورییەكان كۆنترۆڵ بكات و لە كارنامەكەیشدا گرنگی بە كەرتی تایبەت و سەرچاوە داراییە جۆراوجۆرەكان بدات بۆ ئەوەی پێویستی بە وەرگرتنی قەرز نەبێت.

لەلایەكی دیكەوە بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەحمەد سەفار لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق ئاشكرای كردووە كە وەزیری دارایی بە لیژنەی دارایی راگەیاندووە كە بەم زووانە، حكوومەت پاكێجی چاكسازی ئابووری و دارایی پێشكەش دەكات.

وتیشی، “لیژنەی دارایی پرسی وەرگرتنی قەزر لەلایەن حكوومەتەوە بە ئامانجی چارەسەركردنی كورتهێنانی بوودجە و پێدانی مووچە، تاوتوێ كردووە”.

ئەحمەد سەفار باسی لەوەیش كردووە كە لە ناوەڕۆكی یاسای وەرگرتنی قەرز، رێگە بە حكوومەت دراوە قەرزی دەرەكی بە پێنج ملیار دۆلار و قەرزی ناوخۆ بە ١٥ تریلیۆن دینار لە بانكەكانی عێراقدا بۆ دوو مانگ وەربگرێت.

ناوبراو راشیگەیاندووە كە یاسای وەرگرتنی قەرز لەلایەن حكوومەتەوە، دوای قسەكردن لەسەر كەمكردنەوەی مووچە، بۆ كاتێكی دیكە دواخراوە.

ئەمەیش لە كاتێكدایە ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆ و دەرەكی بە ئامانجی چارەسەركردنی بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن حكوومەتەوە، تەواو كردووە.

لای خۆیەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەوەی لیستی خەرجییەكان بە جۆرێك ئامادە بكات كە لەگەڵ چاكسازی دارایی و ئابووریدا گونجاو بێت.