كارگه‌یه‌كی‌ دۆشاوی‌ ته‌ماته‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ دروستده‌كرێت

به‌مه‌به‌ستی‌ پشتبه‌ستن به‌به‌رهه‌می‌ ناوخۆو هاندانی‌ جوتیارانی‌ قه‌زاكه‌ له‌سه‌ر كشتوكاڵكردن، به‌مزووانه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ كارگه‌یه‌كی‌  دۆشاوی‌ ته‌ماته‌ دروستده‌كرێت، قائیمقامی‌ قه‌زاكه‌ش ئاشكرایكرد،  سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی‌ ئه‌و كارگه‌یه‌ ئاماده‌كراون.
(گۆران ئه‌دهه‌م) قائیمقامی‌ قه‌زای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵه‌  سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی‌ كارگه‌ی‌ دۆشاوی‌ ته‌ماته‌ ئاماده‌كراون، به‌ڵام به‌هۆی‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌ی‌ كه‌ بڕیاربوو دایبمه‌زرێنێت، كاره‌كانی‌ دواكه‌وت، بۆیه‌ به‌هه‌ماهه‌نگیی‌ هه‌ریه‌ك له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و وه‌زاره‌تی‌ پیشه‌سازی‌ هه‌رێم، لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت پێكهێنرا تاوه‌كو له‌كه‌مترین ماوه‌دا بدرێته‌ به‌ڵێنده‌رێك یاخود كۆمپانیایه‌ك، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ی به‌رێت، وتیشی‌:”ئێمه‌ به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك هاوكاریی‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌و كارگه‌یه‌ وه‌رده‌گرێت”. 
گۆران ئه‌دهه‌م هێمای‌ به‌وه‌شكرد، ئه‌و كارگه‌یه‌ كارگه‌یه‌كی‌ ستراتیژی‌ ده‌بێت‌و جوتیاران ده‌توانن زۆر به‌باشی‌ سودی‌ لێوه‌ربگرن، به‌تایبه‌ت له‌كاتی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ ته‌ماته‌ له‌بازاڕه‌كاندا، وتی‌:”جوتیاران ده‌توانن به‌رهه‌مه‌كانیان بهێنن‌و ڕاده‌ستی‌ ئه‌و كارگه‌یه‌ی‌ بكه‌ن به‌نرخێكی‌ گونجاو، به‌شێوه‌یه‌ك زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن”.
قائیمقامی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ باسی‌ له‌وه‌شكرد، ئه‌و كارگه‌یه‌ به‌شێوه‌ی‌ كرێی‌ ساڵانه‌ ده‌درێته‌ به‌ڵێنده‌ر، ده‌كه‌وێته‌ نێوان قه‌زای‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ناحیه‌ی‌ سیروانه‌وه‌.
لای‌ خۆیشیه‌وه‌، (شاهۆ عوسمان) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ سیروان رایدەگەیەنێت:”ئێمه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردووه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كارگه‌یه‌و نزیكه‌ی‌ (10) دۆنم  زه‌ویمان بۆ ئه‌و كارگه‌یه‌ دابینكردووه‌، له‌گه‌ڵ دابینكردنی‌ بیرێكی‌ ئیرتیوازیدا”.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ سیروان ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، ته‌نها ئه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ پیشه‌سازی‌ پرۆژه‌كه‌ ڕاده‌ستی‌ به‌ڵێنده‌رێك بكات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستبكرێت به‌دروستكردنی‌.