له‌ سلێمانی 165 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌جوتیاران وه‌رده‌گیرێت

جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌مساڵ 165 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیاران وه‌رده‌گیرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14-6-2020  عومه‌ر قه‌ڵادزه‌یی جێگری پارێزگاری سلێمانی له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: ئه‌مساڵ 165 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیاران له‌ پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردوو ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان وه‌رده‌گیرێت.

وتیشی: ساڵی پار 135 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیاران وه‌رگیراوه‌ و ئه‌مساڵ ئه‌و بڕه‌ بۆ 165 هه‌زار تۆن زیادی كردووه‌، واته‌ 30 هه‌زار تۆن زیاتر وه‌رده‌گیرێت، هه‌رچه‌ند ئه‌و ڕێژه‌یه‌ هێشتا هه‌ر كه‌مه‌، چونكه‌ ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان زیاتره‌.

جێگری پارێزگاری سلێمانی وتیشی: وه‌رگرتنی گه‌نم به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ لیژنه‌ی باڵا دایناوه‌ و له‌ئێستادا هه‌ر چوار سایلۆكه‌( سه‌ید سادق، چه‌مچه‌ماڵ، سلێمانی و ڕاپه‌ڕین) كراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی گه‌نم.

سه‌باره‌ت به‌ نرخی گه‌نمیش وتی: نرخی گه‌نمی ده‌ره‌جه‌ بۆ هه‌رتۆنێك 560 هه‌زار دینار دیاری كراوه‌ و نرخی گه‌نمی ده‌ره‌جه‌ دوو بۆ هه‌ر تۆنێك 480 هه‌زار دینار دیاری كراوه‌.