دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق وەرگرتنەوەی سنوورەکان لە هەرێم رەت دەکاتەوە


دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق لەبارەی دەنگۆی دەستپێکردنی جموجۆڵی سەربازی رایگەیاند، “ئەو دەنگۆییەی كە سەبارەت بە دەستپێكردنی جموجۆڵی سەربازیی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بڵاوكراوەتەوە، دوورە لە راستییەوە و رەتی دەكەینەوە”.

لە راگەیەندراوێکدا دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەڵێت، “لە هەندێك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە، گوایە هێزەكانی دژەتیرۆر بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان، گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان”.

هاوکات دەستەی ناوبراو لە راگەیەندراوەكەدا جەختیكردووەتەوە كە هیچ هێزێكی فیدرال بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان، نەگەیشتووەتە هەرێمی كوردستان.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی پێنجشەممە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشكرایكردبوو كە پلانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان داناوە، ئەوەیش بە ئامانجی راگراتی بەهەدەردانی ئەو پارە زۆرەی كە بە ملیارەها دۆلار دەخەڵمێندرێت.
جگە لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق خاون نۆ دەروازەی سنووریی وشكانییە لەگەڵ وڵاتانی درواسێ كە ئەوانیش زرباتییە، شەلامجە، مونزەرییە، شیب لەگەڵ ئێران، سەفوان لەگەڵ كوێت تربێل لەگەڵ ئوردن، وەلید لەگەڵ سووریا، عەرعەر و عەرعەری نوێ لەگەڵ سعوودیە.

پێشتر لە میدیاكانی خۆجێی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكرابوویەوە كە لەچوارچێوەی هەنگاوەكانی بەغدا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان، هێزەكانی دژەتیرۆری فیدرال گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان.