جوتیارانی شاره‌زور ساڵانه‌ قه‌رخه‌رمان دروستده‌كه‌ن

وەرزی دروستکردنی قەرەخەرمانە، ئەو خواردنە کوردەوارییەی کە ڕۆژگارێک خوانی هەژاران و ئێستاش خواپێداوەکانە، دروستكردنی قەرەخەرمان، ئەگەرچی ڕەنجێکی زۆری جوتیارانی دەوێت، بەڵام بەرهەمەکەی کەمە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک، جوتیارانی سنوری شارەزوور، لە پارێزگای سلێمانی، پێش دروێنەی گەنمەکانیان، دەست بە دروستکردنی قەرەخەرمان دەکەن، یەکێکە لەو خواردنە کوردەوارییانەی کە هێشتا لەسەر سفرەی کوردەواری ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست نەداوە.

گەنمی موسڵی، گوڵ ڕەش، گەنمی قازی لە دیارترینی ئەو گەنمانەن کە بۆ قەرەخەرمان دەچێنرێن، گەنمی قەرەخەرمان جیاوازترە لەو گەنمەی کە بۆ ئارد بەکاردەهێنرێت، ناوەکەی پڕترە، لەگەڵ سەر پەڵەی پایزدا دەچێنرێت.

لەناو زەوییەکی بەپیتی شارەزووردا، ژمارەیەک جوتیاری گوندی کەوچک تاش لە بەیانیەکی زوەوە هاتبوونە سەر زەوییەکی کشتوکاڵی بە گەنم چێنراو، بەشێوەی هەرەوەز دەستیان بە درەوی گەنمەکە و پاشان دروستکردنی قەرەخەرمان دەکرد.

ئەوان کارێکی پڕ لە زەحمەت و تایبەت ئەنجام دەدەن، بۆ دەستکەوتنی بەرهەمێکی کەم، چەند ڕۆژێک پێوەی خەریک دەبن، بە دوو قۆناغ کارەکە دەکەن، درەوکردن و مڵۆکردنی، پاشان ئاگر تێبەردان و سوتاندنی.

ئەم دوو قۆناغە بۆ بەرهەمی قەرەخەرمانەکە گەلێک هەستیارە، تام و بۆی خواردنەکەی بەندە بە سەلیقە و شارەزایی جوتیارەکەوە، بەتایبەت ئەو کەسەی ئاگری تێ بەردەداو دەیبرژێنێت، هەروەها جۆری گەنمەکە و درەوکردنی لە وادەی خۆیدا، یارمەتیدەرە بۆ دەستکەوتنی بەرهەمێکی باش و بەلەزەت لە کۆتاییدا.

پاش درەوکردنی گەنمەکە، لەسەر چینکۆیەکی ئاسن، یان لا جێگایەکی دیکە مڵۆ دەکرێ و پاشان لەگەڵ گژوگیای وشک ئاگری تێ بەردەدرێت و دەبرژێنرێت، دوای کۆکردنەوە و وشککردنی، لە ئامێری هەباشە دەدرێ و پاك دەكرێت، دواتریش دەبرێت بۆ ئاش و توێكڵەكەی لێ دەكرێتەوە.

سەروەر ئەبوبەكر، جوتیارێكی گوندی كەوچكتاشە لە دەشتی شارەزوور، دەربارەی ئامادەکردنی قەرەخەرمان بۆ ڕۆژنیوزی قسەیکرد و وتی: ئەو قەرەخەرمانەی دروستی دەکەین، بەشێکی بۆ خواردنی خۆیان و بەشێكیشی بۆ فرۆشتنە کە نرخەکەی لە نێوان سێ بۆ چوار هەزار دینارە لە بازاڕ و بەراورد بە نرخی زۆرێک لە جۆرەکانی برنج زۆر گرانترە و هەر ئەوەش وایکردووە کە خەڵکی هەژار نەتوانێت بیکڕێت.
هەرچەندە هێشتا نزیکەی ٢٠ ڕۆژی ماوە بۆ دروێنەی بەرهەمی گەنم، بەڵام بۆ دروستکردنی قەرەخەرمان، دەبێ لەم کاتەدا درەو بکرێت، چونکە بە سەوزی دروستدەکرێت.

قەرەخەرمان خواردنێکی بەتامی کوردەوارییە و هاوشێوەی ساوەر و برنج لێ دەنرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە، کەمتر لە برنج و ساوەر لەسەر سفرە و خوانەکان ئامادەگی هەیە، ئەوەش بۆ گرانی پرۆسەی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە کە لە کەشوهەوایەکی گەرم و قورسدا دروستدەکرێت.

لە قۆناغەکانی ڕابردوودا کە گرانی و کارەسات بەسەر گەلی باشووردا هاتووە، جوتیاران بەتایبەت لە شارەزوور بۆ جێگرتنەوەی برنج و خواردنەکانی دیکە، برەوی زۆریان بە بەرهەمی قەرەخەرمان دەدا، ئێستا جووتیارەکان تەنها بەشی پێویستی خۆیان دروستدەکەن و ناتوانن پێداویستی بەرهەمی ناوخۆ پڕ بکەنەوە، هەربۆیەوە بەشێکی زۆری لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام تام و بۆنەکەی ناگات بە بەرهەم و ڕەنجی جوتیارانی کورد.