لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیكردووەتەوە، كە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا مەترسی خەرجنەكردنی موچەی فەرمانبەران خەریكە دەرەوێتەوە.
لەو بارەیەوە موحاسین حەمدوون ئەندام لیژنەكە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: نرخی نەوت جارێكی تر دەستیكردووەتەوە بە بەرزبوونەوە، ئەمەش وایكردووە مەترسی خەرجنەكردنی موچەی فەرمانەبەران بڕەوێتەوە.
لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئەندامەكەی لیژنەی دارایی وتی: هێشتا بڕیاری كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی نەدراوە، لیژنەكەیان پشتگیری بڕینی موچەی سێ سەرۆكایەتییەكە و پلە تایبەتەكان دەكات و بەهیچ جۆرێك رازی نییە دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببرێت.
حەمدوون ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە چەند جێگرەوەیەك بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران هەیە، ئەوان چەندین ڕێكاریان لەبەردەستە، كە لەو ڕێگایەوە دەتوانرێت داهاتەكانی حكومەتی پێ زیاد بكرێت، لەوانە راگرتنی هاوردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و كاراكردنی تاریفەی گومرگی لەسەر كەلوپەلە هاوردەكان .
لەماوەی رابردوودا بەهۆی داڕمانی نرخەكانی نەوتەوە مشتومرێكی زۆر لەبارەی چارەنووسی موچەی فەرمانبەرانەوە دروست بوو، بەجۆرێك كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران یان بڕینی بەشێك لە دەرماڵەكان وەك یەكێك لەڕێگاچارەكانی ڕووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی باسی لێوە دەكرا .