بۆ ئاهه‌نگی‌ ده‌رچونی 15 ملیۆن یۆرۆ خه‌رجده‌كات

به‌كارهێنه‌رانی‌ پێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر له‌ سعودیه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ قسه‌وباس له‌باره‌ی‌ هه‌واڵێكه‌وه‌ ده‌كه‌ن، سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجكردنی‌ 15 ملیۆن یۆرۆ له‌لایه‌ن میرێكی‌ سعودییه‌وه‌ به‌بۆنه‌ی‌ ئاهه‌نگی‌ ده‌رچونیه‌وه‌ له‌ شاری‌ گه‌شتیاری‌ (دیزنی‌ لاند) له‌فه‌ره‌نسا.
به‌پێی‌ هه‌واڵێك كه‌ هه‌ندێك لە سایته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌میر( فه‌هد ئال سعود) بۆ ماوه‌ی‌ سێ رۆژ ژماره‌یه‌ك شوێنی‌ باخچه‌ی‌ دیزنی‌ له‌ پاریسی‌ پایته‌ختی‌ فه‌ره‌نسا به‌ كرێگرتوه‌.
له‌باره‌ی‌ ئه‌و هه‌واڵه‌وه‌ له‌ سایتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر كۆمێنتی‌ جۆراوجۆر نوسراوه‌، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ كۆمێنتی‌ نوسیوه‌ ده‌ڵێت ” 15 ملیۆن یۆرۆ واته‌ نزیكه‌ی‌ 60 ملیۆن ریاڵ ، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ 150 هه‌زار ریاڵی‌ تێبچێت، به‌وپاره‌یه‌ 400 پیاو هاوسه‌رگیرییان ده‌كرد” یه‌كێكی‌ دیكه‌ نوسیویه‌تی‌ ” ئه‌میری‌ مسوڵمانان عومه‌ری‌ كوڕی‌ خه‌تاب ره‌تیده‌كردوه‌ هیچ شتێك له‌ به‌یتول ماڵی‌ موسوڵمانان ببات جگه‌ له‌و پشكه‌ی‌ كه‌ وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی‌ دیكه‌ به‌ری‌ ده‌كه‌وت..شوێنكه‌وته‌ی‌ ئه‌و بن” كه‌سێكی‌ دیكه‌ ده‌ڵێت “جێگه‌ی‌ داخه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌مان بارودۆخی‌ ژینگه‌یی ‌‌و مادی‌ بۆ تۆش بره‌خسێت ناتوانیت بڵیت وه‌ك ئه‌و ناكه‌م ئه‌وه‌ دزینی‌ سامان ‌و ده‌سه‌ڵاته‌”.
به‌پێی‌ هه‌واڵێك كه‌ سایتی‌ (سی‌ ئێن ئێن) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، باخچه‌ی‌ (یۆرۆ دیزنی‌) كه‌ ساڵی‌ 2012 پێشوازی‌ له‌ 16 ملیۆن گه‌شتیار كردوه‌، به‌شێكی‌ زۆری‌ كاره‌كانی‌ خۆی‌ ته‌رخانكردوه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ سه‌ردانه‌ تایبه‌تانه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ (یۆرۆ دیزنی‌) ئاماژه‌‌ به‌وه‌ده‌كات، ئه‌میر (فه‌هد) باشترین سه‌ردانكه‌ره‌كانیه‌تی‌.