عێراق پابەندی خۆی بەكەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دووپاتدەكاتەوە


وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندی تەواوی خۆی بەرێكەوتنی ڕێكخراوی ئۆپیك پڵەس دووپاتكردەوە بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا كۆتایی مانگی تەمموزی داهاتوو .



عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتەكە لەلێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی حكومەت وتی: ڕێكەوتنی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت “ئۆپیك و هاوپەیمانەكانی” بۆ درێژكردنەوەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگێكی تر، ئامانج لێی گەرەنتیكردنی سەقامگیری نرخەكانی نەوتە، كە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ هەرەسیانهێنا.



لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا جیهاد وتی: تا رێكارەكانی قەدەغە و كۆتوبەندەكانی سەر هاتووچۆ و گواستنەوە لەهەموو وڵاتانی جیهان كەمتر بكرێنەوە لەبەرانبەردا برێكی زیاتر وزە بەكاردەبرێت و كاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕی نەوت‌و نرخەكانی نەوت دەبێت.



هەروەها وتی: عێراق جارێكی تر پابەندی خۆی بە كەمكردنەوەی ٢٣٪ی بەرهەمهێنانی نەوت دووپاتدەكاتەوە، كە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لەو بڕەی بەر عێراق دەكەوێت هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە .



روونیشیكردووەتەوە، ئامانجی كۆبوونەوەی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت ناسراو بە “ئۆپیك پڵەس”، كە لەڕێگای ئۆنلاینەوە بەڕێوەچوو، بۆ پێداچوونەوە بوو بە گۆرانكارییەكانی بازاڕی نەوت دوای كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە، كە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو ٤٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، بەجۆرێك هەوڵی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەپێناوی گێرانەوەی هاوسەنگی بۆ بازاری نەوتی خاو لەجیهاندا بەردەوام دەبێت، كە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و داكشانی ئابووری جیهانی هەرەسیان هێنا .