حکوومەتی هەرێم داهاتی نەوت رادەستی بەغداد دەکاتەوە



ئەمجەد عوقابی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “هەرێم داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، رادەستی بەغداد دەکات”.

ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، رادەستی بەغداد دەکات.

لەوبارەیەوە میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، ئەمجەد عوقابی رایگەیاندووە “لە چەند رۆژی داهاتوودا، هەرێمی کوردستانی عێراق داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا رادەستی بەغداد دەکات”.

ئەمجەد عوقابی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوەیش کردووە کە یاسای نەوت و گاز میکانیزمی مامەڵەکردن سەبارەت بە نەوتی هەرێم و بەسرە دەگرێتەوە کە ئەوەیش لەڕێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)وە دەبێت و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەوە لە چوارچێوەی ئەو یاسا گرنگانەدا دەبێت کە لە میانی چەند رۆژی داهاتوودا، پەسەند دەکرێن.

تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بڵاونەکراوەتەوە.

لە كۆتایی ٢٠١٩دا، سامر غەزبان، وەزیری پێشووی نەوت لە عێراق رایگەیاندبوو لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، هەرێم داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رادەستی (SOMO) بكات و لەبەرامبەردا، حكوومەتی عێراق پشكی هەرێم لە بوودجەی گشتیی بنێرێت.