له‌ سلێمانی ١٠ هەزار دەمامك و دەستكێش بەسەر دوكاندارو كاسبكاران دابەش کرا


بەمەبەستی خۆپارێزی زیاتری هاوڵاتیان لەڤایرۆسی كۆرۆنا، پۆلیسی سلێمانی ١٠ هەزار دەمامك و دەستكێشی بەسەر دوكاندارو كاسبكارانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی دابەشكرد.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ عەمید ئاسۆ شێخ تەھا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەردانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی كردو دوكاندارو كاسبكارانی بەسەر كردەوەو ڕێنمایی پێویستی ئاراستەكردن بەمەبەستی خۆپارێزی و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان.

ناوبراو روونیكردەوە، هاوكات ١٠ ھەزار دەستكێش و ١٠ ھەزار دەمامكی بەسەر دوكاندارو كاسبكاراندا دابەشكرد، كە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم دابینكرابوو.

نەقیب سەركەوت ئاماژەی بەوەكرد، بەڕێوەبەری پۆلیس جەختی لەوەكردەوە كە مەفرەزەكانی پۆلیس لەشەقام و شوێنە گشتییەكان بەردەوام ئامادەییان ھەبوەو بەردەوامیش دەبن بۆ ڕێنماییكردنی ھاوڵاتیان و ھاندانیان تا پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن.

لەكاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆوە قەدەغەی هاتووچۆ كۆتایی دێت و پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆكانیش رێنمایی تایبەتییان بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا دەركردووە.