وەزارەتی کشتوکاڵ داوای کارئاسانی دەکات بۆ جوتیاران

ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند کە داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئاسانکاری بۆ جوتیاران بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بچنە سەر کارەکانیان.
 
 لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەداوە، “راپۆرتێكمان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی ئاسانكاری لە هاتوو چۆیی ئێوە بكرێت بۆ ئەوەی زیان بەر بەرهەماكانتان نەكەوێت”.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

راگەیاندراوێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو

جوتیارو خاوەنكارانی كەرتی كشتوكاڵ

دوای راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ وەك رێكارێكی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ، كێشەی چونتان بۆسەر كێڵگە و پڕۆژەكانتان دروست بووە، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا وەرزی دروێنە و پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆییە، ئەم قەدەغەیە كاریگەری راستەوخۆی كردۆتە سەر بەرهەم.

بەڕێزان وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو راپۆرتێكمان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی ئاسانكاری لە هاتوو چۆیی ئێوە بكرێت بۆ ئەوەی زیان بەر بەرهەماكانتان نەكەوێت.

لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەی هاتوچۆی جوتیار و خاوەنكارانی پڕۆژە كشتوكاڵیەكانین، دواتر ئاگادارتان دەكەینەوە لە دەرئەنجامی چارەسەركردنی كێشەكە.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
2/6/2020