لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا 11 بڕیاری نوێی دەركردو دەشڵێت: پابەنددەبن بەو قەدەغەی هاتوچۆیەوە كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە راگەیەندراوە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی لیژنەكە، لە گشتاندنێكدا كە ئاڕاستەی هەمو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگاكەی كردوە، ئەو بڕیارانەی خستۆتەڕو كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ دوشەممەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانیدا دراون بۆ جێبەجێكردنی بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی كۆرۆناو قەدەغەی هاتوچۆ.
بەپێی گشتاندنەكە دەقی بڕیارەكان بریتین لە:
١-بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردو نوسراوی ژمارە (٧٢٥٣ و ٧٢٥٤)ی ڕۆژی (١/ ٦/ ٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ وەكو خۆیان جێبەجێ دەكرێنو پێویستە هەمولایەك پابەندی تەواوی هەمو بڕگەكانی ئەم بڕیارانە بن.
٢-پێویستە هاوڵاتیانی خۆشەویست پابەندی تەواوی بڕیارو ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان بن و ڕۆڵی شیاوی خۆیان لە پاراستنی تەندروستی خۆیان و خەڵكدا ببینن.
٣-داوا لە هەمو لایەنە سیاسییەكان و دەستەبژێرو كەسایەتییە ئایینیو سیاسییو كۆمەڵایەتیو ڕۆشنبیرییەكان دەكەین، كە هەماهەنگیی تەواوی دامودەزگاكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بنو، ڕۆڵی شایان و پێویستی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدا ببیننو هەمو ئەندام و لایەنگرو هەوادارەكانیان دڵنیا بكەنەوە، كە مەترسیی پەتای كۆرۆنا مەترسییەكی جدییەو هەر كەمتەرخەمییو بەكەمگرتنێك كارەساتی گەورەی تەندروستییو مرۆیی لێدەكەوێتەوە.
٤-داوا لە هەمو دەزگاو كەناڵەكانی ڕاگەیاندنو چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین، كە ڕۆڵی مێدیاییو نیشتمانییو مرۆیی خۆیان لە ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆناو بەرزكردنەوەی ئاستی پابەندبونو خۆپارێزیی هاوڵاتیاندا ببیننو وەك هەمیشە چاودێرێكی وردی سەر دامەزراوە دەوڵەتیەكان بن بۆ جێبەجێكردنی ئەركو ڕێكارە یاساییەكان، هەركەسو كەناڵێك گیانی سەركەشییو بێباكییو گومانی بەكەمگرتنو شێواندنی ڕاستییەكان بڵاوبكاتەوە، لەلایەن فەرمانگەی داواكاری گشتییەوە ڕێكاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
٥-دادگاكانو دادوەرانو لێكۆڵەرە دادییەكان بەپێی پلانی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانیو فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، لە دەوامی فەرمیدا دەبن.
٦-فەرمانگەو كۆمپانیا خزمەتگوزارییەكانی وەك (تەندروستی، ئاو، كارەبا، كشتوكاڵ، خزمەتگوزاریی شارەوانیی، خزمەتگوزاریی سیتییەکان، چاودێریكردنی زیادەڕۆیی، چاودێریو گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، خانەو شێڵتەرو گرتوخانەكان، پەیوەندییەكانو ئینتەرنێت، سوتەمەنییو پاڵاوگەكان، كارگە پیشەسازییە قورسەكان، ژینگەپارێزو كارگوزاری دارستانو باخچەو كێڵگەكان)، بەپێی نوسراوی فەرمیی فەرمانگەو كۆمپانیاكان بەردەوام دەبن لە كارەكانیاندا بەپێی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستییو كارگێڕییو ئارامییەكان، هەر شوێنێك سەرپێچی بكات، رێوشوێنی یاسایی و کارگێڕییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
٧-پێویستە شۆفێران پابەندی تەواوی قەدەغەی هاتوچۆ بنو هەر شۆفێرێك قەدەغەی هاتوچۆ بشكێنێت ئۆتۆمبێلەكەی تا ڕۆژی (٧/ ٦/ ٢٠٢٠) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانییەوە، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
٨-هەركەسێك سنورەكانی هەرێمی كوردستانو پارێزگای سلێمانی بەشێوەی نایاسایی ببەزێنێت، یان هەوڵی بەقاچاخ هێنانەوەی خەڵك بدات، ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
٩-بازگەو تیمی گەڕۆكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەدرێژایی سنورەكانی خانەقین هەتا كەركوك لە ئەركدا دەبنو هەر هاوڵاتیەك هەوڵی گەڕانەوە لە پارێزگاكانی تری عێراقەوە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی جگە لە بازگەكانی (بانی مەقان و دەربەندیخان) بدات، ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
١٠-هەر كەسو شوێنێك بڕیارو ڕێنماییو ڕێكارە تەندروستییو كارگێڕییو ئارامییەكان پەیوەست بە كۆرۆنا پێشێل بكات، لەلایەن فەرمانگەی داواكاری گشتییەوە داوای یاسایی بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایشی تەندروستییو زیانگەیاندن بە تەندروستیی گشتیی لەسەر تۆمار دەكرێت.
١١-لیژنەیەكی بەدواداچونی هاوبەش لە هەمو یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، لە (نوێنەری قائیمقامیەت، هێزە هاوبەشەكانی لیژنەی ئارامیی، نوێنەری هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی، ئەوقاف، گەشتوگوزار، شارەوانی) لە ئەمڕۆوە لەژێر چاودێری قائمقامی قەزاكاندا پێكدەهێنرێتو ڕێكاری ڕاستەوخۆو خێرا بەرامبەر هەركەسو شوێنێكی سەرپێچیكار دەگرنەبەر.