ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران رایگەیاند، بە ئامانجی پاراستنی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتەکەی و پاراستنی بازاڕی دارایی ئێران، رێگەدان بە گواستنەوەی بەرهەمەنەوتییەکانی وڵاتان و گواستنەوەیان بۆ ژمارەیەک وڵاتی دیکە بەناو خاکی ئێراندا کەمدەکرێتەوە.
حەمید حسێنی، وتەبێژی یەکێتی هەناردەکارانی نەوتی ئێران بە ئاژانسی ئێرنای راگەیاندوە، بڕیارەکەی حکومەت بەهۆکاری دابەزینی بەهای نەوت و کەمبونەوەی خواست لەسەر بەرهەمەنەوتییەکان بەهۆی کۆرۆنا دەرکراوە و بڕیارەکە گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بەناوخاکی ئێراندا بۆ عێراق، ئەفغانستان و ئەرمینیا سنوردار دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای بڕیارەکە خواست لەسەر بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران زیادیکردوە و ئەوەش نیشانەی دروستی بڕیارەکە بوە، “پێشبینیش دەکەین هەفتەی داهاتو ئاڵوگۆڕەکان لەو روەوە زیاتر ببن”.
بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی ئێران جگە لە بەرهە نەوتییەکان، گواستنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی دیکە رۆژانە لە دەروازەکانی باشوری ئەو وڵاتەش سنورداردەکرێت، ئەوەش بە ئامانجی زیادکردنی خواستی وڵاتان لەسەر بەرهەم و کاڵای ئێرانی و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ حکومەت.