کاسبکارانی سلێمانی باس لەوە دەکەن، کە توانای دووبارە داخستنەوەی بازاڕ و درێژکردنەوەی کەرەنتینەیان نییە لەدوای جەژن، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت: ئەگەر حکومەت بڕیاری داوە ژیانی هاوڵاتیان بپارێزێت، دەبێت بژێویشیان بۆ دەستەبەر بکات.
دوای کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیان لە سێ ڕۆژی جەژن-دا و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی درێژکردنەوەی کەرەنتینە لە هەرێمی کوردستان، کاسبکارانی سلێمانی هۆشداری دەدەن لە خراپبوونی دۆخی ئابووریی خەڵک لە ئەگەری داخستنەوەی بازاڕ و پێیانوایە حکومەت هیچ هاوکاری نەکردوون لەم دۆخەدا.
بازاڕ تاڕادەیەک چۆڵە، هەرچی بێت قەیرانی دارایی بە ئاشکرا باڵی بەسەر هەموو لایەکدا کێشاوە، نە حکومەت پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەیەو نە پێدەچێت بەمزوانەش مەترسی ڤایرۆسەکە لەسەر ناوچەکە هەڵگیرێت.
عەتا محەمەد، فرۆشیاری بابەتی جوانکارییە و دەڵێت، ئەگەر حکومەت بیەوێ بیر لە درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕ بکاتەوە، دەبێت هاوکاریی هەموو لایەک بکات و لانیکەم کرێی مانگانە لە کاسبکاران وەرنەگرێت، قەرەبووی دەستگێڕانیش بکاتەوە.
ئەو فرۆشیارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، زۆرینەی خەڵک لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەژین، کە ڕۆژانە پەیدای دەکەن، لە کەرەنتینەشدا هاوڵاتیان ناتوانن کار بکەن.
هاوکار مەحمود، فرۆشیاری پۆشاکی ژنانەیە لە بازاڕی سلێمانی، ڕونیدەکاتەوە کە هاوڵاتیان و کاسبکاران توانای درێژکردنەوەی کەرەنتینەیان نییە تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی هەفتەکیش بێت.
توبا حەمە ساڵح، ماوەی شەش ساڵ لەسەر شەقامەکان پۆشاکی ژنانی بەتەمەنی وەک خۆی و سمڵ و مێخەک و لفکە دەفرۆشێت، بژێویی لەسەر ئەو کارەیە و جگە لە هاوکاری خێرخوازان، لە ماوەی کەرەنتینەدا حکومەت هیچ هاوکارییەکی نەکردووە، لە کاتێکدا نەخۆشی درێژخایەنی هەیەو چارەسەری بەردەوامی هەیە، بۆیە بە نیگەرانییەوە باس لە قورسیی ئەو ژیانە دەکات، کە بەهۆی کەرەنتینەوە تووشیان دەبێت.
هەروەها، عومەر ڕەمەزان، مامۆستای زانکۆی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت، حکومەت بیرێک لە ژیانی هاوڵاتیان بکاتەوە، دەڵێت:”خەڵک زەرەرمەندی یەکەمە، لەبەر ئەوەی کەوتووەتە نێوان دوو لایەنەوە، یەکەمیان ئەگەر بێتە دەرەوە بۆ کارکردن، تەندروستیی دەکەوێتە مەترسیەوە، ئەگەریش لە ماڵەوە بمێنێتەوە بێ پارە دەبێت و ناتوانێت پێداویستیەکانی خێزانەکەی دابین بکات”.
ئەو هاوڵاتییە دەشڵێت: خەڵک ناڕازییە لەم دۆخە، ئەگەر حکومەت بڕیاری داوە ژیانی هاوڵاتیان بپارێزێت، دەبێت بژێویشیان بۆ دەستەبەر بکات.
بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستیی، ڕۆژانە باس لە مەترسییداریی و بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا دەکەن و کەرەنتینەکردن بە ڕێکارێکی گونجاو دەبینن بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکان.