بۆ بەردەوامی کارکردن و رانەوەستانی بازاڕ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوا دەکات له رۆژانی جهژندا مارکێت و دوکانەکان بەکراوەی بمێننەوە تاكو هاوڵاتیان گرفتیان بۆ دروست نەبێت.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند ”ئێمە پێمان باشە مارکێتەکان و دوکانەکانی ناو گەرەکەکان لە ڕۆژانی جەژندا بەکراوەی بمێننەوە تەنها لە یەکەم ڕۆژی جەژندا دابخرێن و لە دووەم ڕۆژەوە بکرێنەوە و هاووڵاتیان سودیان لێ وەربگرن”.
راشیگەیاند: ”بڕیاری ٧٢ کاتژمێر ڕاگرتنی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕو مارکێتەکان بۆتەهۆی دڵەڕاوکێ لەناو هاووڵاتیان، لەناو بازاڕو مارکێتەکاندا خۆراک و پێداویستی زۆر دەکڕن و لەماڵەکانیاندا هەڵی دەگرن ئەمەش مەترسی خراپبون و بەسەرچونی لەسەرە هاووڵاتیان توشی زیانی زۆردەبن، وەدەبێتە هۆی وەستانی بازاڕو لەناو هەرێمی کورساتان”.
سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەخت دەکاتەوە، دەروازە سنوریە نێودەوڵەتیەکان بەردەوام کاری بازرگانی تیادا دەکرێت وە هاوردەکردنی خۆراک و کاڵا پێویستەکان بۆ ناو هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیەو هیچ گرفتێکمان لە خاڵە سنوریەکان نییە.
سیروان محەمەد، داوادەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەکان مارکێت و دوکانەکانه ناو گەرەکەکان پابەندبکەن بە ڕێنماییەکان و خۆپارێزی تەواو لە دووەم ڕۆژی جەژنەوە بکرێنەوە تا هاووڵاتیان ئەوەندە خۆراک و پێداویستی نەکرن و زیانی زۆریان بەرکەوێت تەنها ڕۆژانە پێداویستیەکانیان بکڕن.