بەهۆی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕاوەستانی كاركردنی بەشێكی زۆری كارگەكان و كەبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنی و پابەندنەبوونی ڕوسیا بە پێشنیازەكەی ئۆپیك-ەوە، نرخی نەوت بۆ كەمترین ئاست دابەزی، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێكە بەردەوام نرخەكەی ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، ئەمڕۆ چوار شەممە 20ی ئایار جارێكی دیكە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو بەڕێژەی 5% بەرزبووەوە.
لە مانگی ئازاردا نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەك دابەزی، كە لە 20ی ساڵی ڕابردوودا و لەدوای ساڵی 2000ەوە دابەزینی بەو جۆرەی تۆمار نەكردووە، چونكە نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 25 دۆلار و نەوتی خاوی ئەمریكاش گەیشتە 20 دۆلار.
لای خۆشیەوە، ماڵپەڕی (فیكس نیوز دەیلی)ی تایبەت بە وزە و كاڵاكان بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە و نرخی بەرمیلێك نەوتی برێت بەڕێژەی 5% بەرزبۆتەوە و نرخەكەی هەڵكشاوە بۆ 36 دۆلار و 16 سەنت و هاوكات نرخی نەوتی خاوی تەكساسی ئەمریكا بەڕێژەی 1.6% بەرزبۆتەوە و گەیشتۆتە 32 دۆلار و 83 سەنت.
لەبارەی هۆكارەكانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت، شارەزایانی ئابوری پێیانوایە هەڵگرتنی ڕێكارەكانی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەستپێكردنەوەی بەشیك لەچالاكییە ئابورییەكان لەسەرتاسەری جیهاندا بەتایبەتی لە كارگەكان و زیادبوونی خواست لەسەر وزە هۆكاری سەرەكین بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت.