دابەشکردنی كارەبای نیشتیمانی دەدرێتە کەرتی تایبەت



لە ئێستادا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ماوەی 48 كاتژمێرە بەدەست كەمی كارەباوە،   دەناڵێنن و كەمترین كات كارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوڵاتیان و وتەبێژی حكومەتیش دەڵێت : ئەگەر ئێمە کارەبا بدەینە کەرتی تایبەت، ھەردوولا پابەندبونیان زیاتر دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا پێی وایە ئەگەر دابەشکردنی کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت، بەشداربوان زیاتر پابەندی کارەبا دەبن، ده‌شڵێت پڕۆژه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ و دراوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا،  ڕاگەیاندوه‌: “ڕێکارە کارگێڕی و تەکنیکییەکانی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت لە دابەشکردن و خوارتریش، کاری لەسەر کراوە و لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە.

دەشڵێت: “لە جیھاندا ئەوە سەلمێندراوە، ھەر خزمەتگوزارییەک کەرتی تایبەت بەڕێوەی ببات، پابەندبونی زیاترە، ئەگەر ئێمە کارەبا بدەینە کەرتی تایبەت، ھەردوولا پابەندبونیان زیاتر دەبێت، ھەم بەشداربوان و ھەم ئەو کەسەی خزمەتگوزاریی کارەبا دەگەیەنێتە بەشدارانی.

ئومێد ئەحمەد ڕونیکردەوە: “پڕۆژەکە لە زۆر ڕوەوە سودی ھەیە، بۆ نموونە، زيادەڕۆییەکی زۆر لەسەر ھێڵەکانی کارەبا ھەیە، ھەرچەندە وەک حکومەت ھەوڵمان داوە زیادەڕۆیی لابەرین، بابەتی کۆرۆنا بەسەردا ھات، بەڵام بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کارەبایەکی زۆر دەگەڕێتەوە و زيادەڕۆیی کەمتر دەبێت.