پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پرسە، چونە سەر قەبران، کۆبونەوە و بەر یەککەوتن و تێکەڵاوبون لە هەر شوێنێک بێت لە ئێستا و جەژنیشدا قەدەغەیە، ئەو شوێنانەشی کراوەنەتەوە پێویستە پابەندبن بە مەرجەکانەوە، دەشڵێت، “لە رۆژانی جەژندا دەبێت تێکەڵاوبون و ئەو کلتورە جوانەی هەمانە رایانبگرین”.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ لەمیانی لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، “پرسە، چونە سەر قەبران، کۆبونەوە و بەریەککەوتن و تێکەڵاوبون لە هەر شوێنێک بێت لە ئێستا و جەژنیشدا قەدەغەیە، ئومێد دەکەین ئەو شوێنانەشی کراوەنەتەوە پابەندبن بە مەرج و رێنماییەکانەوە، هەر کەس و شوێنێک پابەند نەبێت ناچارین لە رێگەی لیژنەکانی قایمقامییەتەوە دایان بخەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو حاڵەتە نوێیانەی کۆرۆنا تۆمارکراون وەکو حاڵەتێکی ئاسایی سەیریان دەکەن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشیان ئاگادارکردوەتەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ ئەم حاڵەتانە دەبن، “گرنگ ئەوەیە بەو رێکارە خۆپارێزییەی هەمانە رێبگرین لەوەی کە توشبونی بە کۆمەڵ و لە یەک ناوچە هەبن”.
هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی لەوەشکرد، “لە رۆژانی جەژندا دەبێت تێکەڵاوبون و ئەو کلتورە جوانەی هەمانە رایانبگرین، هاتنی گەشتیاریش بۆ هەرێمی کوردستان بە هەمو شێوەیەک قەدەغەیە، هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانیش تا دوای جەژن بەردەوام دەبێت”.