گەڕانەوەی ژیان بۆ سەهۆڵەکە

دوای ئاساییکردنەوەی زۆرێک لە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، هاووڵاتییان جارێکی تر گەڕانەوە سەر شەقامەکان و قۆناغەکانی ئاساییبوونەوەی ژیان دەستیپێکردەوە.

شەقامی سەهۆڵەکە کە دەکەوێتە سەر شاڕێی سالم لە شاری سلێمانی، یەکێکە لەو شەقامانەی بەردەوام بە شەوان جمەی دێت لە هاووڵاتییان، ماوەی دوو مانگ زیاتر بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆوە چۆڵ کرابوو، لەئێستادا و دوای گەڕانەوەی ژیان بۆ شارەکە، هاووڵاتییان پەیتا پەیتا شەوان روو دەکەنە شەقامەکە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ دۆستانیان.

چایخانە، قاوەخانە، شیرنەمەنی جۆراوجۆر و گەنجان و هەندێک کاتیش بەتەمەنەکان، شەقامەکەیان زیاتر رازاندۆتەوە و بەدەم پێکەنین و زەردەخەنەوە دووبارە ژیان دەگەڕێننەوە ئەو شەقامەی کە بۆتە کولتوورێکی جوان لە شارەکەدا.

گەنجان لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، کۆمەڵ کۆمەڵ دانیشتوون و بەدەم قاوەخواردنەوە و چا خواردنەوەوە، سەرقاڵی گفتوگۆ و مشتومڕی جیاواز دەبن و دووبارە لە هەوڵی گێڕانەوەی ژیاندان بۆ شارەکە.

لەئێستادا بەهۆی هاتنی مانگی رەمەزانەوە، هاووڵاتییان تا درەنگانێکی شەو لەو شەقامە دەمێننەوە و دواتر بەرەو ماڵ بەرێ دەکەون تاکو خۆیان ئامادە بکەن بۆ خوانی پارشێوی رەمەزان.

ئەسکەندەر ئەمین کە یەکێکە لە قاوەچییەکانی شەقامی سەهۆڵەکە و خاوەنی جان کافێیە لە لێدوانێکدا, ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا دوای هەڵگرتنی هەندێک لە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، شەقامەکە قەرەباڵغیەکی زۆری بۆ گەڕاوەتەوە و ئەمەش دڵخۆشی کردوون.

ئەو باس لەوە دەکات کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ڤایرۆسەکە و هەڵگرتنی هەندێک لە رێکارەکان، بەڵام ئەوان بەوریاییەوە مامەڵەکە دەکەن و دەستکێش و دەمامک لەزۆر کاتدا دەبەستن بۆ ئەوەی قاوەیەکی تەندروست بدەن بە کڕیارەکان و گەنجانی کە دێنە شەقامەکە.

گەنجێک کە لەگەڵ هاوەڵەکانیدا بەدەم چا خواردنەوەوە سەرقاڵی گفتوگۆکردن و گێڕانەوەی چیرۆکی مانەوەیان لە ماڵ بوون لەکاتی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆدا، ئاماژە بەوە دەکات کە بەدرێژایی ئەو دوو مانگە کاتەکان زۆر بە ئەستەم بەڕێوەدەچوون، ئەو کات سەهۆڵەکەمان نەمابوو تاکو کاتێکی خۆش لەگەڵ هاوەڵەکانمان بەسەر بەرین تێیدا.

لاوان فەرهاد ئەو گەنجەی کە چیرۆکی دوو مانگەی کەرەنتینەکردنی خۆی بۆ هاوەڵەکانی دەگێڕایەوە ئاماژەی بەوە دەدا کە زۆرێک لە شەوان بە سەیرکردنی فیلم و کتێب خوێندنەوەوە سەرقاڵ دەبوو، بەڵام نایشارێتەوە کە بە دزییەوە سەردانی هاوەڵەکانی کردووە لە ماڵەکاندا و سەرقاڵی یاریی دۆمینە بوون، تاکو کاتەکانی شەویان تێپەڕێت و جێگەی شەوانی سەهۆڵەکەیان بۆ بگرێتەوە.