له‌ سلێمانی نرخی به‌نزین دابه‌زی

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت كە 70%ی بەنزینی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە دابین دەكرێت و ئەوەشی خستەڕوو كە چاوەڕوان دەكرێت نرخی بەنزین زیاتر دابەزێت.

به‌همه‌ن شێخ قادر وته‌بێژی به‌نزینخانه‌كانی شاری سلێمانی به‌ترافیك ئێف ئێمی ڕاگه‌یاند، ئێستا نرخی لیترێك به‌نزینی جۆری نۆرماڵ له‌شاری سلێمانی به‌ 450 دیناره‌، لیترێك به‌نزینی جۆری موحه‌سه‌ن به‌ 550 دیناره‌، لیتریك به‌نزینی جۆری سوپه‌ر به‌ 625 دیناره‌، چاوه‌روانی ڕه‌وشه‌كه‌ش ده‌كه‌ن بزانن خواسته‌كان چۆن ده‌بێت تاوه‌كو هاورده‌كردنی زیاتربێت، پێده‌چێت نرخه‌كان هه‌رزانتریش بێت، جوڵه‌ی شه‌قامیش به‌رێژه‌ی 60% كه‌مبووه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر به‌نزین.

وتیشی: ” 70%ی به‌نزین له‌وڵاتی ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ی شاره‌كانی هه‌رێم ده‌كرێت”.

له‌باره‌ی كوالێتی به‌نزینه‌كه‌شه‌وه‌، به‌همه‌ن شێخ قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ”ئۆكتانی به‌نزینی نۆرماڵ 92، به‌نزینی موحه‌سه‌نیش 95، به‌نزینی سوپه‌ریش 97، له‌رێگه‌ی ئامێری تایبه‌ته‌وه‌ پشكنینی بۆده‌كرێت”.

داواشی له‌هاووڵاتییان كرد، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌نزین له‌ماڵه‌كانیان عه‌مبار نه‌كه‌ن، چونكه‌ مه‌ترسیداره‌و ئەگەری ئاگركەوتنەوەی لێدەكرێت.


له‌سنوری شاری سلێمانیدا 80 به‌نزینخانه‌ی ئه‌هلی هه‌ن ‌و به‌گوێره‌ی مه‌رج‌و رێنمایه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌رهه‌مه ‌نه‌وتییه‌كانی سلێمانی و لیژنه‌كانی قایمقامیه‌ت كاردەكەن.