قائیمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەر لە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما ئاگربڕ لە نیوان دارەكانی چیای ئەزمڕ و گۆیژە دروست دەكەین و لە ئەگەری سووتان دەیپارێزن و دەشڵێت: “هەر كەسێك هۆكاربێت بۆ كەوتنەوەی ئاگر ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە” .
ئەمڕۆ چوار شەممە (13 ئایاری 2020) لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەسەرپەرشتی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی و ئامادەبونی نوێنەران و بەرپرسانی فەرمانگە پەیەندیدارەكان كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا بۆگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی داراستان و پوش و پاوانی “چیای ئەزمڕ و گۆیژە” لە ئەگەری ئاگركەوتنەوە و سوتان.
قائمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، بەر لە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما، ئاگربڕ لە نیوان دارەكانی چیای ئەزمڕ و گۆیژە دروست دەكەین و لە ئەگەری سووتان دەیپارێزن، لەئێستاوە بەدانانی بەرنامەی تۆكمە بۆ پاراستنی”چیای ئەزمڕ و گۆیژە” لە مەترسی سووتان دادەنیێن و هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكانیشی ڕاسپیارد لەم ڕووەوە هەنگاوی پێویستی پێشوەختە و بەر لە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما ئامادە بكەن.
وتیشی، “لە نزیكترین كاتدا تیمەكان دەستبەكاردەبن و لەسەرەتاش ئاگربڕ لە چیای ئەزمڕ و گۆیژە دروست دەكرێت”.
قائیمقامی سلێمانی لەئەگەری ئاگركردنەوەی بەئەنقەست هۆشیاری دەدات و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، هەر كەسێك هۆكاربێت بۆ كەوتنەوەی ئاگر ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە .
بۆ كەمكردنەوەی ئەو مەترسیتانەی، كە ساڵانە لەسەر چیای ئەزمڕ و گۆیژە دروست دەبێت تیمێكی پۆلیسی دارستان و بنكەیەكی ئاگركوژینەوە لەسەر چیایی ئەزمڕ و گۆیژە جێگیر دەكرێت، كە ئەركیان پارێزگاری كردن دەبێت لە چیاكە و ڕێگری كردن لە مەترسی ئاگر كەوتنەوە، هەروەها تیمەكانی بەرگری شارستانی سلێمانیش لە حاڵەتی ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ پاراستنی چیاكە .
قائیمقامی سلێمانی داوا لەڕاگەیاندنەكان دەكات، ڕۆڵی زیاتریان هەبێت لەهۆشاركردنەوەی هاووڵاتیان لەپاراستنی دارستان و پوش و پاوانی چیاكانی كوردستان تا بەهەموومان پارێزگاری لەو سروشتی وڵاتەكەمان بكەین.