بازاڕی فرۆشتنی گژوگیا بەهارییەکان وەک ساڵانی ڕابردوو گەرم نه‌بوو

بە ئەندازەی سەختی کۆکردنەوەی، بەهۆی بوونی پاشماوە و تەقەمەنی مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵام بۆ چنگ کەوتنی پاروەنانی ڕۆژانەیان لە کارەکەیان ڕازین و ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی گژوگیا بەهارییەکان ڕوو لە کوێستانەکان دەکەن، دوای کۆکردنەوەی ئەو گژوگیایەی کۆیان کردوەتەوە، دەیبەنە بازاڕەکان بۆ ساغکردنەوەی، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆوە بازاڕیان وەک ساڵانی ڕابردوو گەرم نییە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و پێگەیشتنی گژوگیا بەهارییەکانی وەک ڕێواس، دۆرە، کنگر، مەندۆک و لوشە و گژوگیا بەهارییەکانی دیکە، زۆربەی هاوڵاتیانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە چیا و کوێستانە سەختەکان دەکەن بۆ کۆکردنەوەی ئەو گژوگیایانە و دواتر فرۆشتنیان لە بازاڕ تاوەکو بژێووی خۆیان و خێزانیانی پێدابین بکەن، بەشێک لە هاوڵاتیانی سنوری شارۆچکەی پشدەر لە پارێزگای سلێمانی، هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیا ڕوو دەکەنە سنورە دەستکردەکانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام وەک باسی دەکەن ئەمساڵ بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ و بێکاری خەڵک بازاڕیان وەک ساڵانی ڕابردوو باش نییە.

ئیبراهیم مینە، یەکێک لەو کەسانەیە کە ماوەی چەند ساڵێکە لە ناو بازاڕ کاری فرۆشتنی گژوگیا بەهارییەکان دەکات، سەبارەت بە بازاڕی کارەکەی وتی: لە ڕاستیدا ئەم ساڵ بە هۆی قەیرانی دارایی و دابەشنەکردنی موچە فرۆشتنی گیا بەهارییەکان وەک پێویست نییە، گژوگیایەکی زۆرم کڕیوە و بۆم ساغ نابێتەوە، نزیک بە ۱۲۰ هەزار دینارم زەرەر کردووە، من زیاتر ڕێواس، مەندۆک و لوشە دەفرۆشم، زۆری و زەحمەتیی بۆ ئێمە زۆر نییە، زەحمەتی زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە دەچنە چیاکان بۆ کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان.
محەمەد ئیبراهیم، کە گەنجێکی دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێیە و ڕۆژانە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان دەچێتە چیاکانی دەورووبەری قەڵادزێ و ناوچە سنورییەکانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربارەی کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان، وتی: ئێمە بەیانی کاتژمێر ٥ بەڕێ دەکەوین، زیاتر ڕێواس، کورادە و لووشە دێنین و دەیفرۆشین، ئەو گژوگیانە زیاتر لە بازاڕی قەڵادزێ دەفرۆشرێن، هەندێک کڕیاری تایبەت هەیە گژوگیا بەهارییەکان بۆ هەولێر و سلێمانی دەبات و لەو شوێنانە ساخیان دەکاتەوە، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی وەک پێویست بازاڕی گیا بەهارییەکان خۆش نییە و هەندێک کات گژوگیاکان دەمیننەوە و نافرۆشرێن.

محەمەد، لە بارەی ئەو مەترسییانەش کە لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان دێتە ڕێیان وتی: ئێمە دەچینە نێوان سنوری باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو ناوچانەش لە کاتی شەڕی عێراق و ئێران مین ڕێژکراون و مەترسی زۆری هەیە بۆ سەر هاوڵاتیانی ناوچەکە و بە تایبەت ئەو کەسانەی بە مەبەستی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لەو شوێنانە دەکەن کە گژوگیا بەهارییەکانی لێیە، هەر بۆیە کارەکەمان زەحمەت و مەترسیدارە.