وەزیری گواستنەوە زانیاری سەبارەت بەكردنەوەی هاتووچۆی پارێزگاكان ئاشكرا دەكات


وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا بڕیار لەسەر كردنەوەی هێڵی نێوان پارێزگاكان نەدراوە و هێڵی گواستنەوەی گشتی ناوشاریش بەمەرجی خۆپاراستن دەكرێنەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا بڕیار لەسەر كردنەوەی هێڵی نێوان پارێزگاكان نەدراوە، بۆ هێڵی گواستنەوەی گشتی ناوشاریش بەمەرجی خۆپاراستن دەستبەكار دەبنەوە.

سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی گەشتی فڕۆكەش، ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، گەشتی فڕۆكەكان لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراقی تا 22ی ئایار راگیراون، ئەوانیش لەپەیوەندی بەردەوامن تا بزانن كەی دەكرێتەوە.

ئانۆ جەوهەر لەسەر پێكهاتەی توركمان پۆستەكەی وەرگرتووە و دوای دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی پەرلەمانی كوردستانیش كە پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵ بەدەنگی پارتی و پێكهاتەكان هەڵگیرا، پێكهاتەكان رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوونەوە.

وەزیری گواستنەوە روونیكردەوە، هێرشێكی ناڕەوا دەكرێتە سەر پێكهاتەكان، بەڵام كەس بۆی نییە ببێتە دەمڕاستی ئەوان.