نرخی نەوت، بەرز بووەوە


نرخی‌ نەوت لەبازاڕەكانی‌ جیهان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بەرز بووەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ شەممە، 9ی‌ ئایاری 2020 بەرزبوونەوەیەكی دیكەی تۆمار كردووە، بەشێوەیەك نرخی‌ نەوتی برێنت بە 30 دۆلار و 88 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 24 دۆلارو 62 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، ژمارەیەك لەو وڵاتانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم كەرتە پیشەسازی و بازرگانییەكانیان وەستاندبوو، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا، بەشێك لە چالاكییە ئابوورییەكانیان دەستپێكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

پێشتر و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆرینەی كارگە و كەرتە بەرهەمهێنەرەكان داخران و پەكیان كەوت، هەربۆیە خواست لەسەر بەكارهێنان و كڕینی نەوت كەمبووەوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت جیهانی و ئەو وڵاتانەی پشت بە بەرهەمی نەوت دەبەستن تووشی زیانێكی زۆر بوون.