بۆبوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری كوردستان نامەیەك ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت و داوادەكرێت توێژینەوەی زانستی بكرێت بۆ هۆكاری گرانی تێچونی بەرهەمی ناوخۆ.
لەنامەیەكدا كە ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانكراوە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چەند خاڵێكی گرنگ ئاراستەی سەرۆكی حكومەت دەكات و داواكارن هەوڵبدرێت بۆ بەرەو پێشچونی ژێرخانی ئابوری كوردستان.
تەواوی نامەكە بخوێنەرەوە
بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆحكومەتی هەرێمی كوردستان ، بۆ هەوڵەكانی لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری كوردستانەكەماندا ئەم چەندخاڵە ئەخەینە ڕوو كەپێشنیاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییە بۆ گەشەپێدانی ئابوری بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی.
1- دیاری كردنی سیستمی ئابوری حكومەتی هەرێم ، كەهەمووداموو دەزگاكانی حكومەت پابەندبن.
2- هەمواركردنەوەو گۆڕینی هەموو ئەو ڕێساو یاسایانەی پەیوەستن بە ئابوری ووڵاتەوە بەتایبەتی یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی ژمارە (25)ی ساڵی 1991 بەیاسای ژمارە (20)ی ساڵی 1998.
3- توێژینەوەی زانستی بكرێت بۆ هۆكاری گرانی تێچونی بەرهەمی ناوخۆ؟
4- دامەزراندنی پرۆژەكانی دایك بۆدابین كردنی كەرەستەی خاو بۆ كەرتە ئابوریە بەرهەم هێنەرەكان ( پترۆكیمیاوی ، كشتوكاڵ ، كانزاكان….. هتد).
5- نەبون یان كارپێنەكردنی یاساكانی كۆنترۆڵی جۆری و یاسای ئیدارەدانی ناوچە پیشەسازیەكان و یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی.
6- چالاك كردنی سیستمی دارایی وەك (بانك ، بیمە ، بازاڕی كاغەزە دراویەكان ، كۆمپانیای پشكدار….)
7- كاركردن لەسەر تاكی مرۆڤی كورد بەپراكتیكی تایبەت مرۆڤێكی بەرهەمهێنی ڕاستەقینە كەچەكداربێت بەشێوەی كاری سەردەم وە پەروەردەكردنەوەی كارمەندان لەڕووی ئەتەكێت و ئەلكترۆنی كردنی حكومەتەكەمان وە یارمەتی دانی دەرچوانی ئەوخولانە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆدانانی پرۆژەی تایبەت بەخۆتان.
8- داواكارین لەبەڕێزتان كەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پیشەسازی لەسلێمانی دابمەزرێت وەك سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی دیكە بۆكار ئاسانی كردن بۆ پیشەسازان.
9- دانانی بودجەیەكی تایبەت بۆ فراوانكردن و جوانكردنی سەنتەری شار كەسیمای شارستانی پێوەدیارنییە ، بەقەرەبوكردنەوەی خاوەنی ئەو موڵكانەی بەرفراوانكردنەكە ئەكەوێت.
10- كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دروستنەكردنی ئاردی سپی لە ئاشەكاندا كە بەبڕیارێكی ڕژێمی پێشوی عێراق كاری پێدەكرێت تا ئێستا.
11- گرنگیدان بەگواستنەوەی گشتی(نقل عام) بۆگشت كوردستان كە كاریگەری زۆری ئەبێت بۆ ئاسانكاری هاتوچۆی هاووڵاتیان لە كوردستاندا هەروەها پارێزگاری كردنیشە لە ژینگە و ڕێكخستنی یاسایەك بۆ دامەزراندنی گواستنەوەی كەلوپەل لە كوردستاندا كە تا ئێستا گرفتێكی گەورەیە.
12- دانانی نوێنەری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لیژنەی ئابوری باڵادا بۆهۆی پێگەی كاروباری بازرگانی و پیشەسازی شارەكەوە.
13-گرنگی دان بەژینگەی كوردستان كەلەمەترسیدایە و پێویستی بە دوو پرۆژەیە وەك سەرەتا، یەكەم چارەسەركردنی ئاوی ئاوەڕۆكان دووهەم خۆڵە خاشاك ، بەوهیوایەی هەموو كوردستان بگرێتەوە ئاشكرایە كەدەریاچەی دووكان و دەربەندیخان بەهۆی تێڕژانی ئاوەڕۆی شارو شارۆچكەكان بەتەواوی پیسبووە.
ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی
30/5/2013