دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، دەروازەی سنووری زورباتییەی کە لە هەشتی ئاداری رابردوودا داخیخستبوو، لەئێستادا بڕیاردراوە دەروازە سنوورییەکە دوو رۆژ لە هەفتەدا بەڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد، دەروازەی سنووری زورباتییە کە دەکەوێتە پارێزگای واست-ەوە هەفتەی دوو رۆژ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران دەکرێتەوە و لەو دوو رۆژەدا رێگە بە تێپەڕبوونی ٢٥٠ بارهەڵگر دەدرێت.
هاوکات عومەر وائیلی ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لەم هەنگاوە، دابینکردنی خۆراک و پێداویستی کشتوکاڵییە لە بازاڕەکاندا و پاراستنی جێگیری نرخی کاڵاکانە، رێوشوێنە تەندروستییەکانیش لەو دەروازە سنوورییە رەچاودەکرێن.
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە هەشتی ئاداری رابردوودا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دەروازە سنوورییەکانی شەلامجە لە پارێزگای بەسرە، شیت لە پارێزگای میسان، زورباتییە لە پارێزگای واست و مونزیرییە لە پارێزگای دیالە لەگەڵ ئێران داخستبوو.