ئەنجوومەنى بازرگانى ئەمریکى – کوردستان سیمینارێکى بۆ نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا ڕێکخست


ڕۆژى چوارشەممە ژوورى بازرگانى ئەمریکى کوردستان ڤیدیۆ کۆنفرانسێکى بۆ خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ پێشکەش کردنى زانیارى دەربارەى بارودۆخى ئابورى هەرێمى کوردستان و پرسە گرنگەکانى تر ڕێکخست .

لە وتاره‌كه‌یدا خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن باسى لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق کرد لەنێوانیاندا پرۆسەى پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتى سەرۆک وەزیرانى ڕاسپێردراو بەڕێز موستەفا کازمى کە لەوانەیە پێکهێنانى حکومەتى تازە خاڵێکى گرنگ بێت بۆ عێراق.

هەروەها باسى لەو تەحەددییە ئابوریانە کرد کە ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە لە ئەنجامى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت و هەروەها دووبارە سەرهەڵدانەوەى داعش لە ناوچەکەدا.

هاوکات نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە قسەکانیدا جەختیکردەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندە بە پشتگیرى کردن له‌و كۆمپانیایانه‌ی کە وەبەرهێنانیان لە هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە.

شایه‌نی باسه‌ ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکى-کوردستان لە ژمارەیەکى زۆر کۆمپانیاى ئەمریکى و وەبەرهێنەر پێکدێت کە کارى وەبەرهێنانیان لە هەرێمى کوردستان کردووە.

ئەنجومەنەکە بەلایەنى کەم ساڵى جارێک شاندێکیان سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات.