بەقیستی ڕۆژانەی 7 دۆلار ئۆتۆمبێل دەدرێت بە هاوڵاتیان


گروپی كۆمپانیاكانی زسكۆ بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە عیراق، ئۆفەرێكی پێشكەش بە هاوڵاتیان كرد‌و بڕیاریدا ئۆتۆمبێلی جۆری (بی وای دی- ئێف سری) كە لە عیراق دروستكراوە، بەبێ‌ وەرگرتنی پێشەكی‌و بەقیستی ڕۆژانەی 7 دۆلار بفرۆشێت بە هاوڵاتیان.

بەشی پەیوەندییە گشتییەكان‌و راگەیاندنی كۆمپانیای زسكۆ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە، ئۆتۆمبێلی جۆری (بی وای دی- ئێف سری) بەشێوەی قیستی رۆژانە كە 7 دۆلارە، دەفرۆشێت بەو هاوڵاتیانەی كە لەرێگەی بانكی ڕەشید‌و رافیدەینەوە مووچە وەردەگرن، ئۆتۆمبێلەكەش بەبێ‌ پێشەكی‌و بەبێ‌ وەرگرتنی كەفیل دەفرۆشرێت بە هاوڵاتیان.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئۆتۆمبێلی (بی وای دی- ئێف سری) لەكارگەكانی ناوخۆدا دروست دەكرێت‌و لەگەڵ كەش‌و هەوای عیراق گونجاوە، هەر كەسێكیش ئارەزووی كڕینی هەبێت دەتوانێت سەردانی پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل لە پارێزگای بەغدا‌و پارێزگاكانی بەسرە، موسەنا، واست، بابل، میسان، موسڵ، دیالە‌و زیقاڕ بكات.