ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و توركیا و ئێران لە ساڵێكدا چەندە؟

ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیا، ساڵانە دەگاتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار.
سیروان محەممەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پشەسازی سلێمانی،رایگەیاند: “ساڵانە زیاتر لە 7 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت.”
گوتیشی: “لە شەش مانگی ئەمساڵیشدا بە بەراورد بە ساڵی پار، كە 7 ملیار بووە، نیوە زیاتری ئەو ئاستەی تێپەڕاندووە و بەردەوامیش روو لە زیادبوون دەكات”.
گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەری لەسەر بازرگانی ئێران-هەرێمی کوردستان نییە
پێشتریش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی VOA رایگەیاندبوو: “تورکیا گەورەترین هاوپشکی بازرگانییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێمە و تورکیا ئێستا نزیکەی 9 تا 10 ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا”.
هەرچەندە كۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەی خراوەتە سەری، هەناردەی ژمارەیەک کاڵای سەرەکی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی قەدەغە کردووە، بەڵام سیروان محەممەد وتی: ” بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گەشەی کردووە و ئەو گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەی خراوەتە سەر ئێران، کاریگەری نەبووە لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پشەسازی سلێمانی راشیگەیاند: ” لە سنووری پەروێزخانەوە کاڵا بۆ باشووری عێراقیش دەڕوات ‌و بەو هۆیەوە ئەو سنوورە گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە”.