لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی، کۆبوونەوەیەک لەنێوان بازرگانان‌و کۆمپانیای ڕەزگە ئه‌نجامدرا


لەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کۆبوونەوەیەک لەنێوان  بازرگانان‌و کۆمپانیای ڕەزگە-ی تایبەت بەپشکینی ئەو کاڵاو شتومەکانەی دێتە ھەرێمی کوردستانەوە لەمەرزی باشماخەوە ئەنجامدرا.
لە کۆبونەوەکەدا بازرگانان‌و خاوەنکاران باسیان لەو کێشەو گرفتانە کرد کە رووبەڕوی دەبنەوە لەگەڵ کۆمپانیایی ڕەزگەدا لەکاتی پشکنین بۆ کاڵاو شتومەکەکان، ئاماژەیان بەوەدا پێوستە پشکنینەکان توندو تۆڵ بکەنەوە، ھاوکارو پشتیوانیان بن تاکو ھاوڵاتیان توشی ھیچ زیانێک نەبن بەهۆی ئەو کاڵایانەی لەوڵاتانەوە ھاوردە دەکرێت‌و بەشێوەیەکی تەندروست پشکنینان بۆ بکرێت، بەڵام پێویستە پشکنینەکانی خێراتر بکرێت بەستانداری جیھانی پشکنین بۆ کاڵاکان بکرێت.
بازرگانان ئاماژەیان بەوەش دا بەشێک لەو مادانەی ھاوردەی کوردستان دەکرێن وشکەن بەتایبەتی چەراسات، بەکاڵی دێت واتا نەبرژاو، بۆیە زۆر جار گرفتیان بۆ دروست دەبێت لەبەرئەوەی یاساکانی حکومەتی عێراقی لەگەڵ بنەماو ستانداردە جیھانیەکان یەکناگرنەوە، ڕێگەیان پێنادرێت ئەو کاڵایانە بێنە ھەرێمی کوردستانەوە کە ئەمەش بازرگانان توشی زیانێکی زۆر دەکات‌و دەبێت ئەو کاڵایانە بگێرنەوە بۆ وڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپا، بۆیە داواکارین گۆڕانکاریی لەو بڕیارانەدا بکرێت، تاکو بتوانرێت سەرجەم ئەو کاڵاو شتومەکانەی پێوستن بۆ ھەرێمی کوردستان ھاوردە بکرێن.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی کۆمپانیای ڕەزگە رایانگەیاند “سەرجەم پشکنینەکان کە بۆ کاڵاو شتومەکەکان دەکرێت بەئامانجی سودمەند بونی ھاوڵاتیان‌و پاراستنی تەندروستیانە، تاکو بتوانرێت کاڵاو شتومەکی کوالێتی بەرزو تەندروست ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکرێت‌و ھیج زیانێک بەر ھاوڵاتیان نەکەوێت”.
بەرپرسانی کۆمپانیای ڕەزگە ئاماژەیان بەوەشدا “ئەو ئامێرانەی پشکنینی کاڵاو شتومەکەکانی پێدەکەن ستانداردی جیھانین، داوا لەبازرگانان دەکەین کاڵای کوالێتی بەرز ھاوردە بکەن، دڵنیاش دەدەینە ھاوڵاتیان سەرجەم کاڵاکان بەپشکنیندا تێدەپەڕێت  بەر لەوەی بخرێتە بازاڕەکانەوە”.
لەکۆبونەکەدا سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوای لە کۆمپانیای ڕەزگە کرد کە بەشێوەکی وردو فراوان پشکنین بۆ کاڵا و شتومەکان ئەنجام بدەن‌و ھاوڵاتیان دڵنیا بکەنەوە ئەو خۆراک‌و شتومەکانەی ھاوردەی کوردستان دەکرێت تەندروست‌و کوالێتی بەرزن، داواشی لەبازرگانان کرد پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەکان‌و کاڵاو خۆراکی کوالێتی بەرز ھاوردە بکەن.
سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دڵنیایشی دا بەھاوڵاتیان کە ھەموو ئەو  کاڵاو شتومەک‌و خۆراکانەی ھاوردەی کوردستان دەکرێن بەشێوەیەکی تەندروست پشکنینان بۆ دەکرێت، داواشی لەکۆمپانیایی ڕەزگە کرد بەشێوەیەکی وردتر پشکنینەکان بکەن‌و کارئاسانیش بۆ بازرگانان بکەن.