خورما و سیری عێراقی له‌ ڕوسیا خواستێكی زۆری له‌سه‌ره‌


وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، داواکارییان لە لایەن رووسیاوە پێگەیشتووە بۆ هاوردەکردنی خورما و سیری عێراقی.

ساڵح حەسەنی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ داواکارییەکی لەلایەن رووسیاوە بەدەست گەیشتووە بۆ هاوردەکردنی خورما و سیر لە عێراقەوە.

وتیشی، خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمی عێراقی هەیە بە تایبەت لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا، چونکە پێیان وایە بەرهەمی عێراقی تەندروستە و هیچ مادەیەکی کیمایی تێدا بەکارناهێندرێت.

وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، وەرزی رابردوو 170 هەزار تۆن خورمایان لە رێگەی دوبەیەوە هەناردەی هیندستان کردووە، و ئێستا عێراق دەتوانێت بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ بکات، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆش دەتوانێت سەرجەم سنوورەکان دابخات.

هەروەها وەزیری کشتوکاڵ ئاشکرای دەکات، هەندێک باڵیۆزی وڵاتان گوشار دروست دەکەن، بۆ هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بە تایبەت بابەتی هاوردەکردنی هێلکەی وڵاتەکانیان، کە باڵیۆزی تورکیا پێی راگەیاندووە، پڕۆژەکانیان لە پێناو عێراق کردووەتەوە.