وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژە بەوە داوە كە لە مانگی نیسانی رابردوودا، بە بەهای یەك ملیار و ٤٢٣ ملیۆن و ٤٩٩ هەزار دۆلار نەوتی فرۆشتووە و بە بەراورد لەگەڵ رابردوو کەمی کردووە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە بڕی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی نیسانی رابردوودا بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە كۆی گشتی بڕی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی نیسانی رابردوودا، گەیشتووەتە ١٠٣ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٩١١ بەرمیل كە داهاتەكەی یەك ملیار و ٤٢٣ ملیۆن و ٤٩٩ هەزار دۆلار بووە.
هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، بڕی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی نیساندا، گەیشتووەتە ١٠٠ ملیۆن و ٥٣٢هەزار و ٤٢٧ بەرمیل و بڕی نەوتی هەناردەكراویش لە كێڵگەكانی كەركووكەوە بۆ بەندەری جەیهان دوو ملیۆن و ٢٨٧ هەزار و ١٦٥ بەرمیل نەوت بووە، بڕی نەوتی هەناردەكراویش بۆ ئوردن گەیشتووەتە ٣٢٥ هەزار و ٣١٩ بەرمیل.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە كە لە مانگی نیساندا عێراق، رۆژانە سێ ملیۆن و ٤٣٨ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكردووە و روونكراوەتەوە كە رۆژانە سێ ملیۆن و ٣٥١ هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەرەكانی بەسرەوە هەناردەكراوە، هەروەها ٧٦ هەزار بەرمیل نەوتیش لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەكراوە. هاوكات رۆژانە ١١ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن كراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە كە لە مانگی نیساندا، یەك بەرمیلێك نەوت بە ١٣ دۆلار و ٨٠ سەنت فرۆشراوە.